وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: پێشبینی ناکەین بە هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ سیاسەتی ئێران بگۆڕێت

42 خولەک له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، پێشبینی ناکەن هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ لە ئێران گۆڕانکاری لە ئاراستەی سیاسەتی ئەو وڵاتەکە دروست بکات و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ زیاتر بکات.
 
رۆژی دووشەممە، 29ـی تەممووزی 2024، ڤێندانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "پێشبینی ناکەین هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ ببێتە هۆی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ئاراستەی ئێران و رێزگرتنی زیاتر لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لە ئێران. ئێمە بە کردارەکانیان بڕیار لەسەر سەرکردایەتی ئێران دەدەین. نەک بە قسەکانیان".
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، پاتێڵ گوتی: "زۆر دوورین لەوەی پەیوەندییەکانمان بەرەو پێشەوە بچێت، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەرەسەندنانەی ئێستا روودەدات، لەوانەش بابەتی چەکی ئەتۆمی و هاوئاهەنگی نەکردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم".
 
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "ئەگەر ئارەزوویێکی جیددی هەبێت، بەدڵنیاییەوە چەند رێکارێک هەیە کە ئێران دەتوانێت بیگرێتەبەر، ئەویش هاوئاهەنگییەکی مانادارە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی."
 
ئێران و زلهێزەکانی جیهان لە ساڵی 2015 رێککەوتنێکی ئەتۆمییان واژۆکرد بۆ ئەوەی ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات، لە بەرامبەر ئەوەی سزا ئابوورییەکانی سەری هەڵبوەشێنرێنەوە. بەڵام ساڵی 2018 ئەمریکا لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی لێی کشایەوە و دووبارە سزاکانی بەسەردا تووندکردنەوە.
 
لەو کاتەوە، ئێران دەستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم کردووە، بەڵام رەتیدەکاتەوە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات و دەڵێت، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ دروستکردنی وزەی کارەبا و ئامانجە شارستانییەکانی دیکەیە.
 
بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، لە نێو ئەو وڵاتانەی کە خاوەن چەکی ئەتۆمی نین، ئێران تاکە وڵاتە پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندبێتە 60٪، کە تەنیا هەنگاوێک دوورە لەوەی بیگەیێنێتە 90٪ بۆ ئەوەی بۆ چەکی ئەتۆمی دەستبدات.
 
هەواڵگریی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە پێیانوایە هێشتا ئێران دەستی بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نەکردووە.
 
ئێران کە یەکێکە لە واژۆکارەکانی پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، بەڵێنی بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوە کە رێگەی پێبدات سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانی بکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا دروستکردنی وزەی کارەبا و مەبەستە ئاشتییانەییەکانی دیکەیە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە