لە بەریتانیا پیاوێک هەشت کەسی بەرچەقۆ دا

رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری ساوسپۆرتی باکووری ئینگلتەرا کەسێک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر کۆمەڵە کەسێک و لانیکەم هەشت کەسی بریندار کرد. 
 
رۆژی دووشەممە، 29ـی تەممووزی 2024، پۆلیسی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کەسێکیان لە شارۆچکەی ساوسپۆرتی نزیک شاری لیڤەرپوولی ئەو وڵاتە دەستگیر کردووە کە بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر کۆمەڵە کەسێک. 
 
رووداوەکە کاژێر 11:50 بە کاتی لەندەن و کاژێر 13:50 بە کاتی هەلێر روویداوە. تاوەکو ئێستا پاڵنەری پشت هێرشەکە دیار نییە.
 
پۆلیسی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کردووە کە چەند کەسێک لە هێرشەکەدا بریندار بوون بەبێ ئەوەی ژمارەیان ئاشکرا بکات، بەڵام میدیای بەریتانیا دەڵێت، ژمارەی برینداران هەشت کەسە. 
 
دەزگای تەندروستیی باکووری رۆژئاوای ئینگلتەرا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هەشت کەس کە بە چەقۆ هێرشیان کراوەتە سەر، رەوانەی نەخۆشخانەی منداڵانی Alder Hey کراون و لەوێ چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت".
 
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: "رووداوەکە زۆر ترسناکە و زۆر جێگەی سەرسووڕمانە".
 
پۆلیسی بەریتانیا ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەو کەسەی کە گومانی ئەنجامدانی هێرشەکەی لێکراوە لە نزیک شوێنی رووداوەکە بەچەقۆیەکەوە دەستگیر کراوە.