بلینکن: نیگەرانیی جدیمان لەبارە ئەنجامی راگەیێندراوی هەڵبژاردنی ڤەنزوێلا هەیە

دوێنێ کاژێر 11:34
نیاز مستەفا
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڤەنزوێلا
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڤەنزوێلا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی وڵات، نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و لایەنگرانی لە شاری کاراکاسی پایتەخت ئاهەنگیان گێڕا.
 
نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا گوتی "داوای هەڵبژاردنمان کرد و بەشێوەیەکی نموونەیی کرا. ئەمە بە ڤەنزوێلییەکان و جیهان دەڵێم، من نیکۆلاس مادورۆ مۆرۆ، سەرۆکی هەڵبژێردراوەی ڤەنزوێلام. سوپاس بۆ بەرگریکردن لە دیموکراسیمان، یاساکانمان و خەڵکەکەمان."
 
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ڤەنزوێلا، 80٪ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و مادورۆ پێنج ملیۆن و 150 هەزار و 992 دەنگی بەدەستهێناوە، کە 51.2٪ـی دەنگە جیاکراوەکانە. هەروەها، ئیموندۆ گۆنزالێسی بەربژێری ئۆپۆزیسیۆنیش 44.2٪ـی دەنگەکانی بردووەتەوە.
 
ئەنجامەکان ناڕەزایەتیی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەی بەدوای خۆیدا هێنا و، پێیانوایە بەربژێرەکەیان 70٪ـی دەنگەکانی بردووەتەوە.
 
ماریا کۆرینا ماکادۆ، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا گوتی "ئەوان چاودێرانی ئێمەیان لە وێستگەکانی دەنگدان کردنە سەرەوە، سەدان وێستگەش هەبوون کە داخرابوون، بەڵام نەیاندەویست کاخەزی ئەنجامەکان پرێنت بکەن و بڵاویان بکەنەوە. ئەمە ئاماژەیەکی روون بوو. بۆچی وێستگەکان دادەخەن و کاخەزی ئەنجامەکان پرێنت ناکەن؟ بۆچی؟"
 
چین و کوبا پیرۆزباییان لە مادورۆ کرد، بەڵام ئەنجامەکە نیگەرانیی ئەمریکا، پیرۆ، کۆستاریکا و چیلی لێکەوتەوە.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "نیگەرانی جیدیمان هەیە لەوەی ئەو ئەنجامەی راگەیێندراوە رەنگدانەوەی ویست و دەنگی هاووڵاتییانی ڤەنزوێلا نەبێت. زۆر گرنگە هەموو دەنگەکان دادپەروەرانە و شەفافانە بژمێردرێن و زانیارییەکان بۆ ئۆپۆزیسیۆن و چاودێرە سەربەخۆکان بێ دواکەوتن بنێردرێن." 
 
12 ساڵ بوو مادورۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا بوو، بەم هەڵبژاردنە مانەوەی تاوەکو ساڵی 2030 وەکو سەرۆکی وڵاتەکە مسۆگەر کرد.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە