ئێرلەندییەکان ناڕازین؛ 'خەرجی زۆر لە پەناخوازان خەرج دەکرێت و منداڵانی خۆشمان لەسەر شەقام دەمرن'

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک ئێرلەندی لەبەردەم ناوەندێکی کۆچبەران لە شاری دبلنی پایتەختی کۆماری ئێرلەندا خۆپیشاندانیان کرد، ئەوان دژی کردنەوەی ناوەندی کۆچبەران لەلایەن حکومەتەوە، ناڕەزایی دەردەبڕن. 
 
کێڤن کۆیەل، خۆپێشاندەر دەڵێ "سنوورەکان دابخەن. بیانگەڕێننەوە ئەو شوێنەی لێوەی هاتوون، ئێرلەندا پڕ بووە. زیاتر لە 14 هەزار ئێرلەندی بێ ماڵن، چوار هەزاریان منداڵن. حکومەت خەرجییەکی زۆر لەو بیانییانە دەکات، لەکاتێکدا ژن و منداڵانی خۆمان لەسەر شەقامەکاندا دەمرن."
 
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە 10 هەزار داواکاریی مافی مانەوە پێشکێشکراون. حکومەت چاوەڕێ دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵ، 23 هەزار داواکاریی مافی مانەوە پێشکێش بکرێن. 
 
ئەمە لەکاتێکدایە لە شەش مانگی یەکەمی پار، 5 هەزار و 470 داواکاری مافی پەنابەریێتی پێشکێش کردبوو. واتە رێژەی داواکاریی مافی مانەوە 94٪ زیادیکردووە. ئەمە جگە لەوەی لە سەرەتای ساڵەوە، زیاتر لە 11 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئیرلەنداوە و زۆربەشیان ئەوانە بوون کە هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەیان لە ئینگلتەرا لەسەر بووە. 
 
چوونی کۆچبەران بۆ ئێرلەندا لەکاتێکدایە؛ وڵاتەکە رووبەڕووی قەیرانی نیشتەجێبوون بووەتەوە. 
 
کێڤن ئۆفالۆن، خۆپێشاندەر دەڵێ "دەبێت رێکارێک بگیرێتەبەر، ئێمە چیدیکە ناتوانین خەڵک وەرگرین، ئەگەر ئێمە بەم شێوەیە بەردەوام بین، لە 15 ساڵی داهاتوو دەبینە کەمینە."
 
لەگەڵ زیادبوونی چوونی کۆچبەران بۆ ئێرلەندا، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەستیان کردووە بە دیپۆرتکردنەوەی زیاتری کۆچبەران. لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا حکومەت بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی 957 کۆچبەری داوە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو، 76٪ زیادیکردووە.