کۆمیسیۆن مادورۆ وەکو براوەی هەڵبژاردن رادەگەیێنێت و ئۆپۆزیسیۆن رەتی دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ڤەنزوێلا دەڵێت، نیکۆلاس مادورۆ براوەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی وڵاتەکەیەتی.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 29ی تەممووزی 2024 ئیلڤیس ئەمرۆسۆ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ڤەنزوێلا رایگەیاند، "دوای ژماردنی 80%ی دەنگەکان و بەشداری 59%ی هاووڵاتییان، ئەنجامەکە بەو جۆرەیە کە نیکۆلاس مادورۆ 5 ملیۆن و 150 هەزار و 992 دەنگ واتە 51.2%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە."
سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ڤەنزوێلا ئاماژەی بەوەش کرد، ئیموندۆ گۆنزالێسی بەربژێری ئۆپۆزیسیۆنیش 44.2%ی دەنگەکانی بردووەتەوە.
نیکۆلاس مادورۆ 12 ساڵە سەرۆکی ڤەنزوێلایە و ئەنجامەکە واتای ئەوەیە، 6 ساڵی دیکەش وەکو سەرۆک دەمێنێتەوە.
بەڵام ئۆپۆزیسیۆن ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکە رەتدەکاتەوە و کۆمیسیۆن بە لایەنگری دەسەڵات ناودەبات.
ماریا کۆریا کۆرینا ماکادۆ، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی ڤەنزوێلا گوتی، بەربژێرەکەی ئەوان 70%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، نەوەک 44%؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "دەمانەوێت بە هەموو ڤەنزوێلییەکان و جیهان بڵێین کە ڤەنزوێلا سەرۆکێکی نوێی بە ناوی ئیموندۆ گۆنزالێس هەڵبژاردووە."
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاند، "نیگەرانیی جیدیمان هەیە کە ئەو ئەنجامەی راگەیێندراوە رەنگدانەوەی ویست و دەنگی هاووڵاتییانی ڤەنزوێلا نەبێت." گوتیشی، "زۆر گرنگە هەموو دەنگەکان دادپەروەرانە و شەفافانە بژمێردرێن و زانیارییەکان بۆ ئۆپۆزیسیۆن و چاودێرە سەربەخۆکان بێ دواکەوتن بنێردرێن."