ئەمریکا داوای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکردن: بەشدار موزەفەر
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، هەڵبژاردنی پەرلەمانی بکرێت و دەڵێت، پارتە سیاسییەکان پابەندییەکیان هەیە و دەبێت هەنگاوی پێویست بنێن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت، "هیوادارین پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق هەنگاوی پێویست بنێن بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەگوێرەی پرەنسیپە دیموکراسییەکان، یاساکانی هەرێمی کوردستان و دەستووری عێراق."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، "ئەمریکا بەردەوام پشتگیری لەو بنەمایە دەکات کە هەڵبژاردنێکی رێکوپێک، ئازاد و دادپەروەرانە رەوایەتی بە حکومەت دەدات و ئازادی دەدات بە هاووڵاتییان لەوەی کێ هەڵبژێرن بۆ نوێنەرایەتیکردنیان لە حکومەتدا و بەشیان هەبێت لە چۆنییەتی بەڕێوەبردنیان."
لە ئیمەیڵەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا ئاماژە بەوە کراوە کە "ئەمریکا پاڵپشتی لە هەوڵەکانی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) کردووە کە کاردەکات بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ عێراقییەکان لەنێویاندا خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەمەش هەوڵەکانی یونامی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان و جیاوازییە تەکنییەکەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن دەگرێتەوە."
ئەم وەڵامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چرکردوونەتەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زوو بکرێت.
رۆژی 26-07-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە مەبەستی وەرگرتنی بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات.
دڵشاد شەهاب رایگەیاند، شاندێکی باڵای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەرنامەی زنجیرەیەک سەردانی بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هێز و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لەو ھەنگاوەی نێچیرڤان بارزانی کردووە و ئامادەییان بۆ پشتیوانیکردن لە ھەنگاوەکە و پاڵپشتییان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نیشانداوە.
دواتر و هەمان رۆژ هاژە شێخ سلێمان، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان لەبارەی سەردانی شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەردانیان کردووین و رۆژی 25ـی شوباتی ساڵی 2024یان پێشنیازکردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی تێدا بکرێت و ئەو پێشنیازەش دەدەنە سەرجەم لایەنەکانی دیکە و دواتر رادەگەیێندرێت."
رۆژی شەممە، 29-7-2023ش هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوو بە رووداوی گوت، ''کات کەم ماوە و ئەمڕۆ یان بەیانی دەبێ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان مەرسوومی هەڵبژاردن دەربکات؛ بۆیە ئێمەش 25ـی مانگی شوباتمان پێ گونجاوە، واتا ئەگەر درەنگ نەبێت، زوو نییە.''
هێمن ئەسکەندەر رایگەیاند، ''پیویستە هەڵبژاردنی پەرلەمان بە زووترین کات بکرێت، چونکە هەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاساییدایە و کوردستان بەگشتی لە هاوکێشەی عێراقییدا لە لاوازیدایە و دەبێ ئێمە رەوایی بۆ دامودەزگاکانی خۆمان بگێڕینەوە.''