گۆڕانی کەشوهەوا بەرهەمی کشتوکاڵی لە ئەڵمانیا کەمکردووەتەوە

29-07-2018
رووداو @Rudawkurdish
وشکەساڵیەکە باکووری ئەڵمانیای گرتووەتەوە
وشکەساڵیەکە باکووری ئەڵمانیای گرتووەتەوە
نیشانەکردن ئەڵمانیا
A+ A-

رووداو - هەولێر 

پڕبارانترین ناوچەکانی جیهان لەوانە ئەڵمانیا لە وشکەساڵی بێبەشنەبوونە، کەمی باران و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، زیانی گەیاندووەتە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی ئەڵمانیا و بەهۆی رێژەی بەروبوومەکانی ئەو وڵاتە بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

گۆڕانە بەرچاوەکانی کەشوهەوا، بەتایبەتیش بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، دوای یۆنان، بەریتانیا و سووید، رووی لە ئەڵمانیاش کردووە. 

کەمیی باران و بەرزیی پلەکانی گەرما ناوچە باکوورییەکانی ئەڵمانیای گرتووەتەوە و زیانێکی زۆری بە کشتوکاڵی ئەو ناوچانە گەیاندووە و کاریگەریی کردووەتە سەر ئاستی بەرهەمی کشتوکاڵی ئەو ناوچانە و بە رێژەیەکی بەرچاو بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کەمیان کردووە. 

تۆماس ئێندرولات، سەرۆکی دامەزراوەی کەشناسیی پۆتسدام دەڵێت: "کاریگەریی سەرەکیی لەسەر کشتوکاڵ دەبێت، ئەم وشکەساڵییە زۆر درێژەی کێشا و کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لە سەر بەرهەم دەبێت. بەڵام لە هەموو شوێنێک بەم جۆرە نییە، لە هەندێک شوێنی ئەڵمانیا بەپێی پێویست باران باریوە. بە گوێرەی ناوچەکان دەگۆڕێت".

شارەزایان بە دووریی نازانن ئەم وشکەساڵییە بەهۆی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەواوە بێت، هاوکات ئەم گۆڕانەی کەشوهەوا لە ئاستێکی سنوورداردا بە ئاسایی دەزانن. 

زانایان چەندین ساڵە هۆشداریی دەدەن کە لەبەر چالاکییەکانی مرۆڤ گۆڕانکاریی ژینگەیی دێتە ئاراوە و گۆڕانی کەشوهەوا روودەدات و جیهان کارەساتی سرووشتی وەک وشکەساڵی، ئاگرکەتنەوە و لافاو بە خۆوە دەبینێت، لەگەڵ ئەوەدا ئەم دیاردانە ئێستا بە روونی لە چەندین وڵات دەبیندرێن، بەڵام هێشتا کەسانێک هەن کە نکۆڵی لە دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن. 

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە