هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا؛ لە تەواوی هەڵبژاردنەکانی پێشوو جیاوازە

30-06-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
دەنگدەرانی فەرەنسی ریزیان بەستووە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا. وێنە: Theo Rouby / AFP
دەنگدەرانی فەرەنسی ریزیان بەستووە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا. وێنە: Theo Rouby / AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسایە؛ 48 ملیۆن و 752 هەزار کەس مافی دەنگدانیان دەبێت بۆئەوەی 577 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵبژێرن.
 
لە هەر بازنەیەکدا، ئەگەر هیچ بەربژێرێک سەرووی 50%ی دەنگەکانی بەدەستنەهێنا، ئەوا دوو بەربژێری خاوەن زۆرترین دەنگ و ئەوانەشی کە زیاتر لە 12.5%ی دەنگیان بەدەستهێناوە، دەچنە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، کە 7ی تەممووز دەکرێت.
 
ئەم هەڵبژاردنە لە تەواوی هەڵبژاردنەکانی پێشووی فەرەنسا جیاوازە، بۆ یەکەمین جار چاوەڕوان دەکرێت پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆ بچێتە دەسەڵات.
 
پارتەکە دژی کۆچبەرانە، دژی ئەوەیە نیقاب و نەریتە ئیسلامییەکان لە فەرەنسا هەبن، هەروەها داوا دەکات فەرەنسا زۆر گوێڕایەڵی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ نەبێت و سەربەخۆیانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بڕیار بدات.
 
رکابەرییە سەرەکییەکە لە نێوان سێ جەمسەردایە:
 
- جەمسەری راستڕۆی تووندڕۆ، کە پارتی بەرەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی ماری لوپێن نوێنەرایەتیی دەکات. بە گوێرەی راپرسییەکان، 37% دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.
 
- جەمسەری میانڕۆکان، کە هاوپەیمانیی ئونسۆمبل بە سەرۆکایەتیی ئیمانوێل ماکرۆن نوێنەرایەتیی دەکات. چاوەڕێی بەدەستهێنانی 20%ی دەنگەکانی لێ دەکرێت.
 
- جەمسەری چەپەکانیش، کە هاوپەیمانیی بەرەی نوێی گەل نوێنەرایەتیی دەکات، 20%ی دەنگی راپرسییەکانی بەدەستهێناوە.
 
پاتریک وێل، مێژووناس دەڵێت، "ئەگەر ماری لوپێن و جۆردن باردێلا ئەم هەڵبژاردنە ببەنەوە، دەبێتە یەکەمین جار لە مێژووی کۆماری فەرەنسادا راستڕۆی تووندڕۆ هەڵبژاردن بباتەوە و بچێتە سەر دەسەڵات بێ گوشاری وڵاتێکی بیانی."
 
جۆردن باردێلا بەربژێری راستڕۆ تووندڕۆکانە بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت، ئەگەر زۆرینە بەدەستبهێنن؛ تەمەنی تەنیا 28 ساڵە.
 
ئیمانوێل ریڤیێر، شارەزای سیاسی دەڵێت، "هەڵکەوتنی جۆردن باردێلا وەکو سەرۆکوەزیرانێکی متمانەپێکراو شتێکی تەواو سەرسوڕهێنەرە. ئەم کوڕە زۆر لێهاتووە. ئەگەر سەیری ژن و پیاوانی 28 ساڵانی دەوروبەرت بکەیت، دەبینی کەمیان ئەمەیان لەدەستدێت."
 
بەڵام پۆستی سەرۆککۆمار گۆڕانی بەسەردا نایەت و تاوەکو ساڵی 2027 لە دەستی ماکرۆندا دەمێنێتەوە. واتە لە ئەگەری بردنەوەی راستڕۆکاندا، پێویستە ماکرۆن تاوەکو ئەو کاتە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانێک هەڵبکات کە لە زۆر شتدا پێچەوانەی خۆی بیردەکاتەوە.
 
ئەندامانی پەرلەمان چۆن هەڵدەبژێردرێن؟

سیستمی فەرەنسا ئاڵۆزە و بەسەر چەندین بازنەی هەڵبژاردندا دابەشکراوە. بۆ ئەوەی بەربژێرێک بچێتە پەرلەمان، پێویستە سەرووی 50٪ی دەنگی بازنەکەی خۆی بەدەستبێنێت.
 
ئەگەر کەس نەیتوانی ئەو رێژەیە بەدەستبهێنێت، ئەوا دوو بەربژێری خاوەن زۆرترین دەنگ و هەموو ئەوانەشی کە سەرووی 12.5٪ی دەنگیان بەدەستهێناوە، دەچنە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن. 

هەندێ جار، سێ یان چوار کەس دەچنە گەڕی دووەم، بەڵام هەندێ جاریش هەندێکیان دەستبەرداری کێبڕکێکە دەبن بۆ ئەوەی بوار بە دەرچوونی بەربژێرێکی دیکە بدەن کە بیرکردنەوەی لە خۆیان نزیکە. لە رابردوودا، ئەم تەکتیکە بۆ رێگریکردن لە دەرچوونی راستڕۆ تووندڕۆکان بەکاردەهێندرا.

سەرکردەی پارتە سەرەکییەکان لەنێوان هەردوو گەڕی هەڵبژاردنەکەدا ستراتیج و سیاسەتی خۆیان بۆ خەڵکی فەرەنسا دەخەنەڕوو. ئەمەش وا دەکات نەتوانرێت پێشوەخت بزانرێت ئەنجامی گەڕی دووەم بە چ ئاراستەیەک دەکەوێت، لەبەر ئەوەی گوتار و دەستپێشخەری و پێشنیازە سیاسییەکان، کاریگەریی بەرچاویان لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی دەنگدەران دەبێت. 

پارتی راستڕۆی تووندڕۆی بەرەی نیشتمانی کە لە هەموو راپرسییەکاندا لەپێشە، چاوی لەوەیە زۆرینەی کورسییەکان، واتە لە کۆی 577 کورسی، 289یان بەدەستبێنێت. 

پەرلەمانی فەرەنسا لە دوو ئەنجوومەن پێکدێت: نوێنەران و پیران. 

ئەنجوومەنی نوێنەران بەهێزترە و خاوەن قسەی کۆتاییە لە دانانی یاساکان. 

خولی سەرۆکایەتیی ئیمانوێل ماکرۆن تاوەکو 2027ـە. ماکرۆن رایگەیاندووە کە بەنیاز نییە پێش کۆتاییهاتنی خولەکە، دەستبەرداری کورسییەکەی بێت. 

پێکەوەهەڵکردن چییە؟

ئەگەر لە شوێنی هاوپەیمانییە میانڕۆکەی، پارتێکی دیکە ببێتە زۆرینە، ئەوا ماکرۆن ناچار دەبێت سەرۆکوەزیرانێک لەو پارتە زۆرینەیە دەستنیشان بکات. لەم دۆخەدا کە لە فەرەنسا پێی دەگوترێت  “cohabitation” یان پێکەوەهەڵکردن، دەکرێت حکومەت هەندێ پلان جێبەجێبکات کە بە دڵی سەرۆک نەبن. 

کۆماری فەرەنسا سێ جار دۆخی پێکەوەهەڵکردنی بەخۆیەوە بینیوە. دوایینیان لە سەردەمی سەرۆککۆمار جاک شیراکی نەریتخواز بوو کە لیۆنێل ژۆسپین-ی سۆسیالیست لە ساڵی 1997 تا 2022 بووە سەرۆکوەزیران. 

سەرۆکوەزیران لە ژێر چاودێریی پەرلەماندایە، بەرپرسە لە سەرکردایەتیکردنی حکومەت و پێشکێکردنی پڕۆژەیاسا و پڕۆژەبڕیار. 

ژۆن گاریگس، مێژووناسی سیاسی دەڵێت: "لە ئەگەری هاتنە کایەی دۆخی پێکەوەهەڵکردندا، ئەو سیاسەتانەی جێبەجێدەکرێن، بە شێوەیەکی سەرەکی ئەوانە دەبن کە هەڵبژێردراوی سەرۆکوەزیرانن."

لە دۆخی پێکەوەهەڵکردندا، رۆڵی سەرۆک لە نێوخۆی وڵاتدا لاواز دەبێت، بەڵام کۆمەڵێک دەسەڵاتی گرنگی لەدەستدا دەمێننەوە کە پەیوەستن بە سیاسەتی دەرەوە، کاروباری یەکێتیی ئەورووپا و بەرگری، چونکە سەرۆک بەرپرسە لە دانوستاندن و رێکخستن و پەسندکردنی رێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان. سەرۆک هەروەها فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە و کۆدی چەکی ئەتۆمی لە دەستی خۆیدایە. 

گاریگس دەڵێت: "دەکرێت سەرۆک رێگری لە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی سەرۆکوەزیران بکات یانیش بۆ ماوەیەکی کاتی هەڵیانپەسێرێت، چونکە دەسەڵاتی واژۆکردن و واژۆنەکردنی فەرمان و پلانەکانی حکومەتی هەیە. بەڵام سەرۆکوەزیران لە توانایدایە ئەو فەرمان و پلانانە بنێرێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی لەوێ دەنگیان لەسەر بدرێت و بەو شێوەیە بەسەر دەسەلاتی سەرۆکدا بازبدات."

چی دەبێت ئەگەر هیچ پارتێک زۆرینە بەدەستنەهێنێت؟

سەرۆک دەتوانێت کەسێک لەو پارتەی کە زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە، دەستنیشان بکات بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵات، وەک چۆن لە ساڵی 2022 ماکرۆن کردی. 

بەڵام بەرەی نیشتمانی دەڵێت، بە شتێکی لەو جۆرە رازی نابێت، چونکە ئەگەر وابێت، ئەوا حکومەتە راستڕۆ تووندڕۆکەی دەکرێت بە ئاسانی لە پەرلەمانەوە متمانەی لێ بسەنرێتەوە، ئەمە ئەگەر پارتە سیاسییە رکابەرەکانی، دژی ئەو یەکیانگرت. 

یانیش سەرۆک دەتوانێت هاوپەیمانییەکی فراوان پێکبهێنێت، لەو بەری راستەوە تا ئەوبەری چەپ، کە ئەمەش بژاردەیەکی چاوەڕواننەکراوە، لەبەر ئەوەی جیاوازی و ناکۆکیی پارتەکان زۆر لەوە گەورەترە بتوانن لە یەک هاوپەیمانییدا شوێنیان ببێتەوە. 

بژاردەیەکی دیکەی ئاڵۆز ئەوە دەبێت کە "حکومەتێک لە پسپۆڕان" پێکبهێنرێت، لەو کەسانەی کە سەر بە هیچ پارتێک نین، بەڵام پەسندکردنی ئەو حکومەتەش هەر دەبێت لە ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت. ئەگەر حکومەتێکی لەم جۆرە دروستبێت، ئەوا تەنیا دەست بۆ کاروباری رۆژانە دەبات و توخنی بڕیار و گۆڕانکارییە گەورەکان ناکەوێت. 

ئەگەر دانوستاندنە سیاسییەکان کاتێکی زۆر بخایەنن، گارگیزس دەڵێت، دوور نییە قۆناخی راگوزەر دەستپێبکات، واتە رێگە بە حکومەتە میانڕۆکەی ماکرۆن بدرێت وەک کاربەڕێکەر بەردەوام بێت لە راپەڕاندنی کاروباری دەوڵەت، تاوەکو دواتر دەگەنە چارەیەک.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موئەیەد عەبدولڕەحمان

دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییکرد

دکتۆر موئەیەد عەبدولرەحمان قوچی، دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی دەستەی گشتیی کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان لە کەنەدا کۆچی دواییکرد و رۆژی چوارشەممە لە هەولێر کۆڕێکی ماتەمینی بۆ رێکدەخرێ.