دەنگۆی دوورخستنەوەی بایدن لە پێشبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا زیاتر دەبێت

29-06-2024
لهۆن نەسرەدین
دەنگۆی دوورخستنەوەی بایدن لە پێشبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
دەنگۆی دوورخستنەوەی بایدن لە پێشبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پیر و لاواز و دەم بە تەتەڵە و خۆدزینەوە لە وەڵامدانەوە، 90 خولەک دیبەیتکردن لەبەرامبەر ترەمپ، بەس بوو بۆ ئەوەی وا لە بەشێکی دیموکراتەکانی ئەمریکا بکات، بە نهێنی گفتوگۆ لەبارەی دوورخستنەوەی بایدن لە پێشبڕكێی سەرۆکایەتی بکەن. 
 
هەرچەندە بەشێکی دیکەیان، بە ئاشکرا؛ ئەو قسەیە رەتدەکەنەوە. لە وەڵامی پرسیاری "چی دەڵێیت بەو دیموکراتانەی دەڵێن، دەبێت بایدن وازبێنێت و کەسێکی دیکە دابنرێت؟" جیم کلیبێرن ـی دیموکرات دەڵێ "لە پێشبڕکێکەدا بمێنەوە؛ نەخێر. هیچ دیموکراتێك لە بایدن باشتر نییە. ئەمە گەڕی یەکەمە، هێشتا گەڕی دیکەش ماون." 
 
هەروەها دێبی دینگل سەبارەت بە دیبەیتەکەی بایدن دەڵێ "شەوێكی خراپی بەسەر برد، بەڵام ئەوە ناگەیێنێت کە شیاوی سەرۆکایەتی نەبێت. ئەی ترەمپ چی کرد ؟ ئەو تەنیا پشت بە هاوڕێ ملیاردێرەکانی دەبەستێت بۆ ئەوەی کە بووە سەرۆک، باجی سەر کارەکانیان کەم بکاتەوە." 
 
دوای دیبەیتەکە، هەر لە شاری ئەتڵانتای ویلایەتی جۆرجیا، بایدن و جێڵی هاوژینی، ویستیان هەستێكی پێچەوانەی کەشوهەوای دیبەیتەکە بڵاوبکەنەوە و سەردانی رێستۆرانتێكی ئاساییان کرد. 
 
بایدن گوتی "قورسە دیبەیت لەگەڵ درۆزنێک بکەیت؛ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز 26 درۆی گەورەی ترەمپی دەستنیشان کرد." 
 
بەڵام هەر رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، دوای دیبەیتەکە، لە لاپەڕەی یەکەمیدا نووسی "بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەی، دەبێت سەرۆک بایدن رکابەرییەکە جێبهێڵێت."
 
ترەمپیش باش دەزانێت چۆن هەلەکان بقۆزێتەوە، لە ڤێرجینیاوە قسەی بۆ لایەنگرانی کرد و گوتی "ئایا هیچ کامتان ئەو شتەتان بینی کە ناوی دیبەیتی لێنراوە؟ سەرکەوتنێكی گەورەمان تۆمارکرد لەبەرامبەر ئەو پیاوەی بە راستی دەیەوێت وڵاتمان وێران بکات." 
 
پەتای شکستی بایدن خەریکە لە بڕیاربەدەستانی کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان نزیک دەبێتەوە، کە لە شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئێلینۆی لە 19 تاوەکو 22ـی ئابی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت و، دەکرێت تێیدا باس لە ئەگەری دیاریکردنی جێگرەوەی بایدن بکرێت.

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاگری دارستانەکانی ئاریزۆنا. وێنە: AFP

لە سێ رۆژدا 3,700 دۆنم دارستانی ویلایەتی ئاریزۆنای ئەمریکا سووتاوە

سێ رۆژە ئاگر لە دارستانەکانی رۆژهەڵاتی ویلایەتی ئاریزۆنا لە باشووری ئەمریکا لە نزیک سنوورەکانی مەکسیک کەوتووەتەوە و هێشتا کۆنتڕۆڵنەکراوە، تیمە فریاگوزارییەکان توانیوویانە تاوەکو ئێستا تەنیا 19٪ی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.