پارتی بەرەی نیشتمانیی فەرەنسا هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی چەپەکان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
نۆیل لود، بەربژێری پارتی بەرەی نیشتمانیی فەرەنسایە لە شارۆچکەی کاڵاک لە ناوچەی گوانگەمپ و، داوای دەنگی دەنگدەران دەکات.
نۆیل دەڵێ "لەم هەڵبژاردنەدا گوانگەمپ دەبێتە شوێنی درەوشانەوەمان. ئەگەر بەختێکی باشم هەبێت و هەڵبژێردرێم، وەک ئەوە وادەبێت بوومەلەرزەیەک لەم ناوچەیەی دابێت."
فەرەنسا بەسەر 577 ناوچەی هەڵبژاردن دابەشکراوە، هەر ناوچەیەک بەربژێرێکی دەچێتە پەرلەمان.
بانگەشەی تووندی هەڵبژاردن لە دوایین دیبەیتی سەرکردەکانی سێ دیارترین پارت و هاوپەیمانیێتی فەرەنسا رەنگیدایەوە، کە شەوی 28ـی مانگی حوزەیران بەڕێوەچوو.
سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانی، دۆخی ئێستای هاووڵاتیانی قۆستەوە و رەخنەی تووندی لە دەسەڵات گرت.
جۆردان باردێلا، سەرکردەی پارتی بەرەی نیشتیمانی گوتی "ئەگەر ببمە سەرۆکوەزیران، کار لەسەر توانای کڕینی هاووڵاتی دەکەم. چارەسەرکردنی پرسە ئابوورییەکان بەشێکی گرنگی کارکردنم دەبێت."
گوتیشی ''ئەم هاوینە، دەمەوێت باج لە کەرتی کارەبا، گاز، نەوت و جۆرەکانی دیکەی وزە لە 20٪ـەوە بکەمە 5.5٪، چونکە دەبینن لێرە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و گەرمکردنەوەی ماڵەکان، زەحمەت بووە؛ منیش ئەوە قبووڵ ناکەم."
بەگوێرەی دوایین راپرسی، پارتی بەرەی نیشتمانی کە پارتێکی راستڕۆی دژەکۆچبەرە 36.2٪ـی دەنگەکان دەباتەوە، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2022ـدا 19.1٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
هەروەها هاوپەیمانیی چەپەکان 28.3٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، بەڵام پێرار 26.6٪ـی دەنگەکانیان بردبووەوە. هاوپەیمانیی بەیەکەوە کە پارتەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای تێدایە، 21٪ـی دەنگەکان دەباتەوە، لەکاتێکدا ساڵی 2022، 26.8٪ـی دەنگەکانی بردبووەوە.
هاوپەیمانیی بەیەکەوە هۆشداری دەدات؛ ئەگەر راستڕۆکان دەسەڵات بگرنەدەست، پاشەکشە لە زۆر بواردا روودەدات.
گابریێل ئادەل، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا کە لە هاوپەیمانی بەیەکەوەیە، دەڵێ "ناتوانین متمانە بە راستڕۆکان بکەین، کاتێك بابەتەکە دێتە سەر مافی ژن. لە هەر وڵاتێکدا راستڕۆکان لە دەسەڵات بن، مافی ژن بەشێوەیەکی سیستمەماتیکی کەمکراوەتەوە؛ ئەمە لە ئەورووپا و هەموو شوێنێکی دیکەی جیهانیش راستە."
باسی ئەوەش دەکات راستڕۆکان لە بابەتی "مووچەی وەک یەکی نێوان ژن و پیاویش، دژی پڕۆژەیەک لە پەرلەمانی ئەورووپا دەنگیان دا."
رۆژی یەکشەممە (29-6-2024) خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت و، 7ـی تەممووزیش خولی دووەم دەکرێت. چوار هەزار بەربژێر رکابەری لەسەر 577 کورسییەکەی پەرلەمان دەکەن.