بەرپرسێکی پارتی لە ئەمریکا: دیموکرات و کۆمارییەکانیش یارمەتیی کوردیان داوە

29-06-2024
پەیمان محەممەد
حیکمەت بامەڕنێ، بەرپرسی لقی حەوتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەمریکا
حیکمەت بامەڕنێ، بەرپرسی لقی حەوتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی لقی حەوتی پارتی لە ئەمریکا دەڵێت: دەنگی کورد لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت. گوتیشی ''ترەمپ سیاسی نییە، بەڵکو بازرگانە و تەنیا بەرژەوەندیی خۆی لەبەرچاوە.''
 
حیکمەت بامەڕنێ، بەرپرسی لقی حەوتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەمریکا لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024ـی ئەو وڵاتەوە قسەی بۆ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن کرد و گوتی ''بەداخەوە ژمارەی ئێمەی کورد زۆر لەوە کەمترە کاریگەریمان لەسەر هەڵبژاردنەکە هەبێت.''
 
حیکمەت بامەڕنێ گوتی: کورد لە ئەمریکا، زیاتر لەو شارانە دەژین کە دەنگەکانی بۆ کۆمارییەکان یان دیموکراتەکان مسۆگەرن. وەک ناوچەی (تێنێسی) کە دەنگەکانی ویلایەتەکە بۆ کۆمارییەکان مسۆگەرە و، بە پێنج هەزار یان 10 هەزار دەنگ، ناگۆڕدرێت.
 
بەرپرسی لقی حەوتی پارتی لە ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ویلایەتانەی ئەگەری گۆڕانی رێژەی دەنگی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانیان بە 10 هەزار یان 15 هەزار دەنگ تێدا هەیە، حەوت یان هەشت ویلایەتن کە ژمارەی کورد تێیاندا کەمە.
 
حیکمەت بامەڕنێ ئەوەشی خستەڕوو، وەکو کورد لە ئەمریکا، زیاتر هەوڵ دەدەن دۆست بۆ کورد بدۆزنەوە، ''لە واشنتن، هەموو جارێک پارە بۆ کۆنگرێسمانێک کۆدەکەینەوە کە پاڵپشتیی [چارەسەرکردنی] کێشەی کورد بکات، ئەمە رۆڵی ئێمەیە لێرە.''
 
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024ـی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری پێشووی وڵاتەکە بەربژێری کۆمارییەکانە و جۆ بایدن، سەرۆککۆماری ئێستا، بەربژێری دیموکراتەکانە.
 
ئەو بەرپرسەی لقی حەوتی پارتی لە ئەمریکا دەڵێت، ''داوامان لە هەڤاڵانمان کردووە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمریکییەکاندا کار بکەن، خەڵک بناسن و پشتگیریی ئەو کەسانە بکەن کە بتوانن لە داهاتوودا لەگەڵ کاربەدەستان کار بکەن؛ بەڵام ئەگەر بڵێین ئێمە دەور دەبینین، وانییە؛ چونکە ئێمە جارێ ژمارەمان زۆر کەمە.''
 
رۆژی پێنجشەممە 27-06-2024 یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024 بەڕێوەچوو. هەندێک لە دیموکراتەکان پێیان وایە ئاستی بایدن لە بەرامبەر ترەمپ لاواز بووە و ئەمەش نیگەرانی کردوون لە سەرکەوتی بەربژێری کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا.
 
حیکمەت بامەڕنێ گوتی، زیاتر لە 40 ساڵە جۆ بایدنی تەمەن 81 ساڵە دەناسێت و بەراورد بە ترەمپ لە کاروباری سیاسیدا شارەزاترە، گوتیشی، ''لە دیبەیتەکەدا بێگومان بایدن دۆڕاندی، بەڵام لە ئەمریکا شتێک نییە رەش و سپی بێت کە دیبەیتەکەی دۆڕاندووە یانی بابەتەکە تەواو بوو، نا تەواو نەبووە، رەنگە مانگێک یان دوو مانگی دیکە ترەمپ تووشی گرفتێک ببێتەوە.''
 
بەگوتەی بەرپرسی لقی حەوتی پارتی لە ئەمریکا، کەمبوونەوەی لایەنگرانی بایدن بەهۆی لاوازبوونی لە دیبەیتەکەدا، کاریگەری لەسەر ئەنجوومەنی پیران (سینات) و کۆنگرێسیش دەبێت، ''دیموکراتەکان کەمتر بەشداری هەڵبژاردن دەکەن و سیناتۆرەکانیان دەنگ ناهێننەوە و کۆنگرێسمانەکانیشیان دەدۆڕێن.'' 
 
هاوکات حیکمەت بامەڕنێ لەبارەی کەسایەتیی ترەمپ ئاماژەی دا، ترەمپ سیاسی نییە، بەڵکو بازرگانێکە و زۆربەی کۆمارییەکانیش دەڵێن ترەمپ تەنیا بەرژەوەندیی خۆی لەبەرچاوە، تەنانەت ئەمریکاشی بۆ گرنگ نییە و وەکو بازرگانێک تەماشای سیاسەت دەکات.''
 
بەرپرسی لقی حەوتی پارتیی لە ئەمریکا لەبارەی هەردوو لایەنی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان گوتی، ''هەردوولا یارمەتیی کوردیان داوە و هەردوو لایەنیش کوردیان جێهێشتووە، سیاسەت بەرژەوەندییە و دەبێ ئەمە لەبەرچاو بگرێن.''
 
حیکمەت بامەڕنێ ئاماژەی بەوە کرد، ''ترەمپ دوای ریفراندۆم و هاتنی سوپای عێراق بۆ کەرکووک، هەڵوێستی نەبوو، ئێمە چووین بۆ بەردەرگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و خۆپێشاندانمان کرد، گوتیان ئێمە دۆستی ئێوەین پشتتان بەرنادەین، گوتم ئێوە راست ناکەن.''
 
حیکمەت بامەڕنێ لەوبارەوە زیاتر روونی دەکاتەوە، ''گوتم داوا لە ئێوە ناکەین شەڕمان بۆ بکەن، بەڵام دوو کارتان بۆ ئێمە کردبووایە بابەتەکە دەگۆڕدرا؛ بە عێراقتان گوتبایە چەکی ئێمە دژی کورد بەکارمەهێنن و بە ئێرانییەکانیشتان گوتبا دەستوەردان لە کاروباری عێراقدا مەکەن؛ ئەگەر ئەوکات بایدن سەرۆککۆمار بووایە، هەڵوێستی دەبوو.''

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موئەیەد عەبدولڕەحمان

دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییکرد

دکتۆر موئەیەد عەبدولرەحمان قوچی، دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی دەستەی گشتیی کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان لە کەنەدا کۆچی دواییکرد و رۆژی چوارشەممە لە هەولێر کۆڕێکی ماتەمینی بۆ رێکدەخرێ.