لە فەرەنسا کوشتنی مێرمنداڵێکی جەزائیری لەلایەن پۆلیسەوە خۆپێشاندان و ئاڵۆزیی بەدواداهات

 
رووداو دیجیتاڵ

کوشتنی مێرمنداڵێکی جەزائیری لە ناوچەی نۆنتێر لە رۆژئاوای شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا شەپۆلێکی خۆپێشاندان و ئاڵۆزیی بەدوای خۆیدا هێنا. رووداوەکە کۆمەڵگەی فەرەنسای بەرامبەر پۆلیس تووڕە کردووە.
 
خۆپێشاندەران چەندین ئۆتۆمبێلیان سووتاندووە و دووکان و موڵکی گشتییان تێکداوە. لە بەرامبەردا پۆلیس زیاتر لە 150 خۆپێشاندەری دەستگیر کردووە.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، "چەندین کاری تووندوتیژی لە چەند کاژێری رابردوودا دژی پۆلیس و قوتابخانەکان و فەرمانگە و موڵکی گشتی کراون. ئەم کردەوانە هیچ پاساوێک هەڵناگرن. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە مێرمنداڵێکمان هەیە کە کوژراوە و ئەمەش کردەوەیەکی روون نەکراوە و بێ بیانووە و کەیسەکەش راستەوخۆ رەوانەی دادگە کراوە. دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەوانەش بکەم، کە شەوی رابردوو بە درێژایی شەوەکە کاریان کرد بۆ پاراستنی دامودەزگەکان."
 
شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بێجگە لە شاری پاریسی پایتەخت و ناوچەکانی دەوروبەری، چەندین شاری دیکەی فەرەنسای وەکو لیل و ئامێینس و دییۆن و تۆلۆز-ی گرتووەتەوە. وەزارەتی نێوخۆی فەرەنساش ئاماژەی بەوە کردووە، زیاتر لە 2000 پۆلیس لە پاریسی پایتەخت لە ئامادەباشیدان.
 
می یاسین باوزورو، پارێزەری کەسوکاری مێرمنداڵە کوژراوەکە دەڵێت، "ئەمە بابەتێکی جیدییە. ئەو گرتە ڤیدیۆییە بە روونی دەریدەخات کە ئەفسەرێکی پۆلیس بە شێوەیەکی راستەوخۆ تەقەی لەو مێرمنداڵە کردووە. ئەو ئەفسەرە دەستبەسەرە. بۆیە هیوادارین کارەکان بە شێوەیەکی ئارام بەردەوام بن، بەڵام بێگومان وریا دەبین، چونکە ئەمە لە دۆخی بەرگری لەخۆکردن نەبووە. قوربانییەکان دەیانەوێت یاسا جێبەجێ بکرێت و ئەفسەری پۆلیس بە تاوانی کوشتن تۆمەتبار بکرێت و دادگایی بکرێت، پێموایە تەنیا جێبەجێکردنی تووندی یاسا رێگە دەدات دۆخەکە ئارام ببێتەوە."
 
رۆژی 27ی ئەم مانگە لە ئەنجامی دەمەقاڵێ لەگەڵ پۆلیس، مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ، بەناوی نائل، لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە تەقەی لێکرا و کوژرا. داواکاری گشتی دەڵێت، دوای رووداوەکە ئەو پۆلیسەی کە تەقەی لە گەنجەکە کردووە، دەستگیر کراوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
 
بە گوتەی داواکاری گشتی، پۆلیس داوای لە مێرمنداڵەکە کردووە ئۆتۆمبێلەکەی بوەستێنێت، بەڵام ئەو نەک بە گوێی پۆلیسی نەکردووە، بەڵکو هەڕەشەی لێکردوون کە بە ئۆتۆمبێلەکەی دەیانشێلێت و دەیانکوژێت، بەڵام پارێزەری گەنجەکە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.