چەند وڵاتێک سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە سوێد دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

چەند وڵاتێک سەرکۆنەی سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆزیان لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە ستۆکهۆڵمی سوێد کرد. لە بەغدا بەشێک لە خەڵک خۆپێشاندانیان کرد و چوونە نێو باڵیۆزخانەی سوێد.
 
خۆپێشاندەرانی بەغدا تووڕەن لەوەی کە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لەلایەن پەنابەرێکی عێراقییەوە لە سوێد کۆپییەک لە قورئان سووتێندراوە.
 
خۆپێشاندەرێک دەڵێت، "سبەی لێرە گرد دەبینەوە و خۆپێشاندانی ملیۆنی دەکەین و داوای دەرکردنی باڵیۆزی سوێد دەکەین." خۆپێشاندەرێکی دیکە گوتی، "قورئان موڵکی ئیسلامە، موڵکی سوننە و شیعە و هەمووانە." خۆپێشاندەرێکی دیکە ئاماژەی بەوە کرد، "قورئان پیرۆزە، قورئان بۆ هەموو جیهانە نەک تەنیا ئیسلام."
 
لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، گەنجێکی عێراقیی تەمەن 37 ساڵ بەناوی سەلوان مۆمیکا، دوای ئەوەی مۆڵەتی لە دادگە وەرگرت، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
 
کارەکەی سەلوان، جگە لە تووڕەکردنی موسڵمانان، کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی لێکەوتەوە.
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "ئەوە بۆ موسڵمانان شتێكی پیرۆزە و بۆ ئایینەکانی دیکەش پیرۆزە. لە وڵاتی ئێمە بێڕێزی بە قورئان تاوانە." هەروەها ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "بەردەوام رامانگەیاندووە کە سووتاندنی کتێبی ئایینی بێڕێزی و ئازاربەخشە."
 
هەروەها موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە راگەیێندراوێکدا چەند داواکارییەکی خستەڕوو، لەوانەش خۆپێشاندان لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا، دەرکردنی باڵیۆزی سوێد لە عێراق، لێسەندنەوەی ناسنامەی عێراقی لە پەنابەرەکە، پاراستنی ژیانی کەسوکاری پەنابەرەکە لە عێراق و سووتاندنی ئاڵای هاوڕەگەزخوازان.
 
حکومەتی عێراق بە تووندی سەرکۆنەی ئەو کارەی کرد و هۆشداری لە ئەنجامە نەرێنییەکانی دەدات و دەڵێت، "ئەم کردەوانە رەنگدانەوەی گیانێکی شەڕانگێزیی رقاوین." سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى داوا دەکات رێوشوێنە یاساییەکان بگرنەبەر، بۆئەوەى بەگوێرەى یاسا داواى گەڕاندنەوەى ئەو کۆچبەرە بکەن.
 
هاوکات لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم خۆپێشاندان دژی سووتاندنی قورئان بەڕێوەچوو.
 
کلیزیۆ، دانیشتووی ستۆکهۆڵم دەڵێت، "من کەسێکم رێز لە ئایینی هەمووان دەگرم و دەبێت رێزێکی هاوبەش هەبێت. پێموانییە ئەوە کارێکی دادوەرانە بێت، بەوەی بێیت کتێبی ئایینیی وەکو ئینجیل و کتێبە ئایینییەکانی دیکە بسووتێنیت، تەنیا لەبەر ئەوەی تۆ بڕوات پێی نییە. نابێت تۆ بێڕێزی بەرامبەر بە شتێک بکەیت کە خەڵکی دیکە بڕوای پێیەتی و تۆ بڕوات پێی نییە."
 
وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستانیش لەسەر رووداوەکە هاتە دەنگ و لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "سووتاندنی قورئان دوورە لە بەهای مرۆڤایەتییەوە."
 
مەغریبیش بانگهێشتی باڵیۆزەکەی لە ستۆکهۆڵم کردەوە وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو کارە و تورکیاش رایگەیاند، ئەوە قبووڵکراو نییە بەناوی ئازادیی رادەربڕین رێگە بە سووتاندنی کتێبی پیرۆز بدرێت.