توێژینەوەیەک: دایناسۆرەکان ملیۆنان ساڵ بەر لە کەوتنی نەیزەک کەمیان کردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
مێژووی هاوچەرخ و زۆربەمان وامانزانیوە کە دایناسۆر و هاوتوخمەکانی ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر بەهۆی کەوتنی نەیزەک لە بۆشایی ئاسمانەوە، کە بەر زەوی کەوتووە، لەناوچوون، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ لەلایەن زانکۆی مۆنتپیلیەر لە فەرەنسا دەریدەخات، کە دایناسۆرەکان چەندین ملیۆن ساڵ بەر لە کەوتنی نەیزەکەکە، ژمارەیان روو لە کەمبوونەوە بووە.
 
توێژینەوەکەی پەیمانگەی پەرەسەندنی زانستی زانکۆی مۆنتپیلیەر لە فەرەنسا، کە لە بنەڕەتدا لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای کۆڵیوەتەوە، کەڵکی لە 1600 ئێسک و پروسکی دایناسۆرەکان وەرگرتووە، فابیێن کۆندامین و تیمەکەی بۆیان دەرکەوتووە دایناسۆر 76 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ژمارەیان لە کەمبوونەوە بووە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، بیردۆزە باوەکە دەڵێت 66 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دایناسۆرەکان بەرەو نەمان چوون، کاتێک نەیزەکی Chicxulub داوییەتی لە نیمچە دوورگەی یوکاتان لەو مەکسیکەی ئێستا، کە دەکەوێتە ئەمریکای ناوەڕاست.
 
تیمەکەی زانکۆ فەرەنسییەکە لە ئەنجامی تاقیکردنەوە لەسەر پاشماوەی 1600 دایناسۆرەکە شەش خێزانی دایناسۆرەکانیان دۆزیوەتەوە، کە لەو ماوەیەدا بەرەو نەمان چوون و 250 جۆری دایناسۆرن.
 
فابیێن کۆندامین دەڵێت: "76 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر پێکهاتەی دایناسۆرەکان گەیشتنە لووتکە."
 
پسپۆڕەکە ئەوەش دەڵێت کە دوای ئەو ماوەیە پێکهاتەکە روو لە کەمی دەکەن، کە ئەو کەمبوونەوەیە "10 ملیۆن ساڵ دەخایەنێت." ئەو ماوەیەش تەمەنی تەواوی بوونەوەری "هۆمۆنالێدی"ن کە نزیکن لە مرۆڤی نیاندەرتال.
 
چ پەیوەندی بە گۆڕانی کەشوهەواوە هەیە؟
 
تیمە فەرەنسییەکە دوو روونکردنەوەیان هەیە بۆ کەمبوونەوەی پێکهاتەی دایناسۆرەکان بەر لەکەوتنی نەیزەکەکە، کە لە ئەنجامی پشکنینی بەبەردووەکانی دەیانسۆرەکان دەستیان کەوتووە.
 
یەکەمیان، هۆکاری کەمبوونەوەی دایناسۆرەکان دەگەڕێننەوە بۆ ساردبوونی کەشوهەوای گۆی زەوی 75 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، کاتێک پلەی گەرمی 10 پلەی سلیزی دابەزیوە.
 
پسپۆڕە فەرەنسییەکە دەڵێت دایناسۆرەکان لە پلەیەکی گەرمی بەرز راهاتبوون، کە ئەمەش هۆکاری تەمەندرێژی دەیان ملیۆن ساڵەیان بووە.
 
دووەمیان، دایناسۆر بە هەردوو جۆرەکەی، هێربایۆڤێرس کە گیاخۆرن، لەگەڵ کارنیڤۆرێس، کە گۆشتخۆرن، کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەو نەیزەکەوە، زانکۆ فەرەنسییەکە دەرەنجامی توێژینەوەکەی دەخاتەڕوو، دەڵێت تەنیا گۆڕانی کەشوهەوا نەبووە، کە لە پێکهاتەی بوونەوەرەکەی کەم کردووە، بەڵکو ئەو نەیزەکەی کە بەر زەوی کەوتووە، وایکردووە چەندین جۆری دیکەی بوونەوەر نەتوانن چیدی هەناسە بدەن.