هۆشداری لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ چەواشەکردنی دەنگدەران دەدرێت


رووداو دیجیتاڵ 

لە بەرلینی ئەڵمانیا، گەورەترین کۆنفرانسی دیجیتاڵی لەسەر ئاستی ئەورووپا بەڕێوەدەچێت و سەرنجی سەرەکی کۆنفرانسەکەش ژیریی دەستکردە. سەرپەرشتیاری کۆنگرەکە هۆشداری لە مەترسیی ئەو تەکنەلۆجیا نوێیە دەدات.
 
مارکۆس بێکیندال، دامەزرێنەری کۆنگرەی دیجیتاڵی بەرلین دەڵێت: "شۆڕشی ژیریی دەستکرد دەستیپێکردووە؛ هەندێ لە تایبەتمەندییەکانی بە سوودی مرۆڤایەتین، بەڵام دیوێكی مەترسیداریشی هەیە. پێویستمان بە دیموکراتیزەکردنی ژیریی دەستکردە، چونکە بە پێچەوانەوە دەبێتە ئامرازێکی مەترسیدار. دەکرێت بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکاندا وەک ئامرازی چەواشەکاری بەکاربهێندرێت."
 
لە سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا لە چەندین وڵات بە تایبەتی لە ئاسیا و ئەفریقا زۆرترین ژیریی دەستکرد پەیوەست بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بەکارهێنراوە؛ لە دروستکردنی وێنە، ڤیدیۆ و دەنگی بەربژێران.
 
دەنگدەریش لە راستی و ساختەیی بابەتەکە نازانێت و ئەگەری چەواشەکردن و بە لاڕێدابردنی دەنگدەر زۆرە. ئەوە لە کاتێکدایە، ئەم ساڵ لەسەر ئاستی جیهان بە ساڵی هەڵبژاردنەکان دادەنرێت کە تێیدا لە ئەمریکا، بەریتانیا، یەکێتیی ئەورووپا، ئەفریقای باشوور و چەند وڵاتێكی دیکە هەڵبژاردن دەکرێت.
 
ماتییاس هەیدەر، شارەزای چەواشەکاری لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە دەڵێت، "کاتێك کە باس لە چەواشەکاری هەڵبژاردنەکان دەکرێت، باسەکە دێتە سەر ژیری دەستکرد، چونکە هەوڵێکی چڕ بۆ لە نێوبردنی دیموکراسییەت هەیە، بەڵام لایەنی ئەرێنیشی هەیە. بۆ نموونە لە رێگەی ژیری دەستکردەوە گوتاری رقوکینە بناسیتەوە و نامەی ساختە لە راست جیا بکەیتەوە."
 
بەهای ئەمڕۆی بازاڕی ژیریی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان بە زیاتر لە 200 ملیار دۆلار دادەنرێت، تا 2030 دەگاتە 1.8 ترلیۆن دۆلار. 
 
لەگەڵ گەورەتربوونی ئەو بازاڕە، قەبارەی هەڕەشەکانی سەر خەڵک زیاتر دەبێت، لە کاتێكدا ژیریی دەستکرد هاوشێوەی هەموو تەکنەلۆجیا نوێیەکان بە دەست چەند کۆمپانیایەکی گەورەی جیهانەوە، قۆرخکراوە.
 

 

A post shared by Rudaw (@rudaw)