وڵاتانی رۆژئاوا ناکۆکن لەبارەی گواستنەوەی جەنگ بۆ نێو رووسیا و پووتین هەڕەشە دەکات


رووداو دیجیتاڵ

وڵاتانی ئەورووپا و ئەندامانی ناتۆ لە برۆکسل کۆبوونەوە. مژاری کۆبوونەوەکەیان چڕکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتانی رۆژئاوایە بۆ ئۆکراینا و شێوازی وەڵامدانەوەی ‌هێرشەکانی رووسیا.
 
زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ ئەوەن رێگە بە ئۆکراینا بدرێت و چەکی پێشکەوتووی پێبدرێت بۆ بەرپەرچدانەوەی رووسیا.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، "دەبێت ئێمە رێگەیان پێبدەین ئەو بنکە سەربازییانە بکەنە ئامانج کە مووشەکەکانی لێوە ئاراستە دەکرێن، بەشێوەیەکی گشتی ئەو بنکانەی ئۆکراینای لێوە دەکرێنە ئامانج، بەڵام نابێت پێگەی دیکەی نێو رووسیا بکرێنە ئامانج."
 
بەڵام دوو وڵاتی زلهێزی وەکو ئەمریکا و ئەڵمانیا، لەو وڵاتەن کە دژی ئەو بیرۆکەیەن شەڕ ببرێتە نێو رووسیاوە.
 
لە دوو ساڵ و سێ مانگی جەنگی ئۆکراینا، نزیکەی 60 وڵات هاوکاریی سەربازییان بۆ ئۆکراینا دابینکردووە کە دەکاتە 118 ملیار دۆلار. وڵاتانی ئەورووپاش لەو ماوەیەدا، مەشق و راهێنانی بە 50 هەزار سەربازی ئۆکراینی لە دەرەوەی ئەو وڵاتە کردووە.
 
بەڵام رووسیا هەڕەشە دەکات، هاوکارییە سەربازییەکانی رۆژئاوای بۆ ئۆکراینا، تاوەکو سەر بێ وەڵام نەبێت. ڤلادیمیر پووتین گوتی: "نوێنەرانی ناتۆ، بەتایبەتی لە ئەورووپا و بەتایبەتتر وڵاتە بچووکەکان. دەبێت ئاگاداری ئەوە بن چۆن یاری دەکەن. دەبێت ئەوەیان لەبیر بێت کە ئەوان وڵاتێکی بچووکن پێش ئەوەی باس لە هێرشکردنە سەر خاکی رووسیا بکەنەوە. بەگشتی ئەم پەرەسەندنە، رەنگە دەرئەنجامی خراپی لێبکەوێتەوە."
 
هەفتەیەکە زیلینکسی سەرقاڵی گەشتکردنە بەنێو وڵاتانی ئەورووپادا، مەبەستی بەدەستهێنانی سیستمی بەرگریی ئاسمانییە بۆ پاراستنی وڵاتەکەی لە مووشەکی رووسیا کە بەقسەی خۆی، مۆسکۆ مانگانە سێ هەزار مووشەک ئاراستەی وڵاتەکەی دەکات.