پار 1153 کەس لە جیهاندا لەسێدارە دراون

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمنستی دەڵێت، ساڵی رابردوو لە جیهاندا 1153 کەس لەسێدارە دراون، ئەوەش زۆرترین ژمارەی هاووڵاتییانە لەسێدارە بدرێن لە ساڵی 2015وە.
 
رۆژی چوارشەممە 29ی ئایاری 2024 رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) راپۆرتێکی لەبارەی لەسێدارەدان لە جیهاندا بڵاوکردەوە.
 
ئەمنستی ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەی ئەو کەسانەی ساڵی رابردوو لەسێدارە دراون بەراورد بە ساڵی 2022، نزیکەی 30% زیادیکردووە. لە 2022دا 883 کەس لەسێدارە درابوون.
 
ژمارەی ئەو وڵاتانەی لە ساڵی 2023 سزای لەسێدارەدانیان جێبەجێ کردووە 16 وڵات بوون.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ئەمنستی، ئێران پار 853 کەسی لەسێدارە داوە، ئەوەش لە کاتێکدایە لە ساڵی 2022دا 576 کەسی لەسێدارەدابوو.
 
دوای ئێران هەریەکە لە سعودییە، سۆماڵ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دێن و ساڵی رابردوو ئەو وڵاتانە زۆرترین کەسیان لەسێدارە داوە.
 
لەو ساڵەدا سعودیە 170 کەس، سۆماڵ 38 کەس و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 24 کەسی لەسێدارەداوە.
 
زاراوەی لەسێدارەدان لە ئەمریکا بەکاردەهێندرێت، بەڵام کوشتنی تاوانبار لە رێگەی دەرزییەوە دەبێت.
 
ئەمنستی لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە چین داوە وەکو "یەکێک لەو وڵاتانەی کە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتییان تێیدا لەسێدارە دەدرێن"، بەڵام هیچ ژمارەیەکی تایبەت بە لەسێدارەدانی هاووڵاتییان بەهۆی "نەخستنەڕووی زانیاری" لەو وڵاتە بڵاونەکردووەتەوە.
 
ئەمنستی دەڵێت، "چین هێشتا هیچ ئامارێکی لەسەر سزای لەسێدارەدان بڵاونەکردووەتەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا زانیارییە بەردەستەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ساڵانە هەزاران کەس لەو وڵاتە لەسێدارە دەدرێن."