بەریتانیا بۆ گەیاندنی هاوکاریی پزیشکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنێت

 
رووداو - هەولێر

کۆمپانیای سکایپۆرتس لەگەڵ کۆمپانیای تالیسی فەرەنسی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی بەریتانیا کاردەکەن بۆ گەیاندنی پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ ناوچە دوورەدەستەکان، لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.
 
لەدوای نزیکەی دوو ساڵ کارکردن لەسەر ئەم پرۆژەیە، رۆژی چوارشەممە 27ی ئایار فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان یەکەمین گەشتی ئەنجامدا و هاوکارییە پزیشکییەکانی گەیاندە دوورگەی موڵ لە سکۆتلاند.
 
دانکار واڵکەر، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای سکایپۆرتس دەڵێ "ئەمڕۆ کۆمەڵێک پێداویستیی خۆپارێزی لە پەتای کۆڤید-19 دەگەیێنینە یەکێک لەو گوندانەی کە هاتووچۆ بۆی سەختە، کە رەنگە گەشتکردن بە ئۆتۆمبێل زۆری پێبچێت. وەکو نموونە بەم فڕۆکەیە 20 کیلۆمەترە بە 15 خولەک دەگات، بەڵام ئەگەر بە ئۆتۆمبێل بیگەیێنی دوو کاژێری پێدەچێت".
 
کۆمپانیاکە لە یەکەمین تاقیکردنەوەی فڕۆکەکەیاندا چەند پاکەتێک شیرینیی شوکولاتەیان بۆ گوندێک ناردووە و تاقیکردنەوەکە سەرکەوتوو بووە.
 
کالوم هۆڵاند، بەڕێوەبەری ئۆپەرەیشن باسی لەوە کرد "بێگومان مەبەست لە تاقیکردنەوەکە گەیاندنی پێداویستیی خۆپارێزیی تایبەت و چارەسەری کۆڤید-19یە، هەر شتێکیش کە یارمەتیی هاوکارانمان لە کەرتی تەندروستی بدات. ئەمەش یەکەم گەشت بوو لە جۆری A B لەم نەخۆشخانەیە و هاوکارانمان لە موڵ وادیارە شوکلاتیان بۆمان ناردووە وەکو بەخێرهاتنکردن".
 
سەرۆکی پرۆژەکە دەڵێ "ئەگەر ئەم تاقیکردنەوەیە سەرکەتووبێت، بێگومان لەدوای پەتاکەش بەردەوام دەبین و بۆ گەیاندنی پێویستییەکان لە هەموو سکۆتلاند کار بەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە دەکەین".