ئایرلاند: بیر لە ناردنەوەی پەناخوازان بۆ بەریتانیا دەکەینەوە

29-04-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆماری ئایرلاند بیر لەوە دەکاتەوە ئەو پەناخوازانەی کە لە هەرێمی ئایرلاندی باکوورەوە سنوورەکانی دەبەزێنن، بە زەبری یاسا بیاننێرێتەوە بۆ بەریتانیا.
 
کۆماری ئایرلاند وڵاتێكی سەربەخۆیە؛ ئەندامی یەکێتی ئەورووپایە، دراوسێی هەرێمی ئایرلاندی باکوورە، کە بەشێکە لە بەریتانیا.
 
هێلین مەکێنتی، وەزیری دادی ئایرلاند رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی بیر لەوە دەکاتەوە لە رێگەیەکی یاساییەوە ئەو کۆچبەرانەی لە بەریتانیاوە سنووری وڵاتەکەی دەبەزێنن بیانگەڕێنێتەوە بەریتانیا.
 
مەکێنتی بە لیژنەی کاروباری کۆچبەران لە پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، لە 80٪ی ئەوانەی کە فۆڕمی پەناخوازییان پڕکردووەتەوە لە بەریتانیاوە چوونەتە ئەو وڵاتە.
 
تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کۆچبەرانە کە لە بەریتانیاوە چوونەتە ئایرلاند دیار نییە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی ئایرلاند رایگەیاندووە، "لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە زیاتر لە 7 هەزار و 300 کەیسی پەناخوازی رەتکراونەتەوە؛ لەو ژمارەیە کەمتر لە 100 پەناخواز دیپۆرتی بەریتانیا کراونەتەوە".
 
سیستمی کۆچ و پەناخوازی ئایرلاند، هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی ئەورووپا رێگە بە دیپۆرتکردنی "سنوورداری" کۆچبەران بەرەو وڵاتی سێیەم دەدات، بەڵام بۆ ئەوەی پرۆسەکە خێراتر و فراوانتر بکرێت، پێویستی بە چوارچێوەی یاسایی پەرلەمان هەیە.
 
بڕیارەکەی ئایرلاند لە دوای تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا لە پەرلەمانی بەریتانیا دێت، کە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بە "باشترین پلان بۆ بەرپەرچدانەوەی کۆچبەران" ناوی برد.
 
حکومەتی ئایرلاند لە کاریگەریی پلانەکەی بەریتانیا بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا نیگەرانە، ترسی هەیە ببێتە هۆی زیادبوونی کۆچ لە بەریتانیاوە بۆ ئایرلاند.
 
سایمۆن هاریس، گوتەبێژی حکومەتی ئایرلاند رایگەیاند، "ئێمە سەبارەت بە سیاسەتی وڵاتان تایبەت بە کۆچبەران کۆمێنت نادەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو سیاسەتەی بەریتانیا کاریگەری لەسەر سیستمی کۆچبەرانی وڵاتی ئێمە جێدەهێڵێت و پێویستە سنوور و سەروەریی وڵاتمان لەو بارەیەوە بپارێزین؛ داواشمان لە وەزارەتی داد کردووە پرۆژەیاسای نوێ یان پێشنیازی هەمواری یاسای کۆچبەران پێشکێش بکەن تاوەکو رێگە بدات بە ناردنەوەی کۆچبەران بەرەو بەریتانیا".
 
وەزیری دادی ئایرلاند رایگەیاند، "لەم هەفتەیەدا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا تاوتوێی ئەو پرسە دەکەین".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە