وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: هێرشی سەر کێڵگەی کۆرمۆر هێرشی راستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی عێراق

29-04-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر هێرشی راستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی عێراق، هەربۆیەشە راستەوخۆ لەدوای ‌هێرشەکە واشنتن سەرکۆنەی کردووە.
 
رۆژی دووشەممە، 29ی نیسانی 2024، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر گوتی: "ئەمجۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی، هێرشی راستەوخۆن بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق، هەربۆیە بینیتان ئێمە سەرکۆنەمان کرد، بەڵام لەوە زیاتر هیچی دیکەم نییە." 
 
شەوی رۆژی هەینی، 26ی نیسانی 2024، بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەهۆیەوە چوار کارمەندی کێڵگەکە گیانیان لەدەستدا و هەشتی دیکەش بریندار بوون.
 
دوای ‌هێرشەکە، نێچيرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "ئه‌م هێرشانه‌ ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسييه‌وه‌ و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى حكومه‌تى عێراقى فيدراڵ پێويسته‌ ئه‌ركى خۆيان بۆ رێگرى له‌و هێرش و په‌لامارانه‌ و دۆزينه‌وه‌ى ئه‌نجامده‌رانى له‌ هه‌ر لايه‌نێك بن، بگێڕن و به‌ سزاى ياسايى بگه‌ێندرێن".
 
دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایانگەیاند، "بەرهەمهێنانی کارەبا 2 هەزار و 500 مێگاوات کەمبووەتەوە."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ڤێدانت پاتێل: 
 
رووداو: زۆر سوپاس ڤێدانت، پرسیارێک لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە کەمێک بەر لە ئێستا قسەت لەسەر کرد. جاری پێشوو کە لە مانگی یەک هێرشکرایە سەر ئەم کێڵگەیە، ئێوە داواتان لە حکومەتی عێراق کرد، کە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکات و ئەوانەش رووبەرووی بەرپرسیارییەتی بکاتەوە کە بەرپرسبوونە، ئەمجارەش هەمان راگەیێندراومان لە وەزارەتی دەرەوە سەبارەت بەو هێرشە بینی، ئایا هیچ کاتێک حکومەتی عێراق ئاگاداری کردوونەتەوە کە بۆچی نەیانتوانیووە ئەوانە رووبەرووی بەرپرسیارییەتی بکەنەوە کە هێرشەکەیان کردووە، ئایا نایانەوێت یان ناتوانن ئەمە بکەن؟
 
ڤیدانت پاتێل: هیچ هەڵسەنگاندنێکم نییە لەبارەی ئەوەی کێ بەرپرسیارە، بۆیە خۆم بەدوور دەگرم قسەی لەسەر بکەم.
 
رووداو: پرسیارێکی دیکە، ئێوە کە گوشار، یان هاوکاری یان هۆشداری بە عێراق دەدەن کە سەربەخۆیی وزە لە ئێرانەوە بەدەستبهێنێت، بۆیەش ئێوە لێخۆشبوونتان بۆ سزاکان دەرکرد کە عێراق بتوانێت کارەبا لە ئێران بکڕێت، ئەم کێڵگەیەی هێرشیکرایە سەر یەکێکە لە جێگرەوەکانی دابینکردنی وزەی ئێران بۆ عێراق، پێتانوایە ئەم هێرشە ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ هەموو لایەنەکان لە نێویاندا ئەمریکا کە پرسی سەربەخۆیی عێراق لە رووی وزەوە ئاسان نییە و هەروەها کارێکی ئاسان نییە عێراق لەرووی وزەوە لە ئێران داببڕێنن، پرسیارەکەم ئەوەیە، ئێوە ئەم هێرشانە لەبەرچاودەگرن لە حیساباتەکانی خۆتان یان کاتێک باس لە سەربەخۆیی و دابڕینی عێراق لە رووی وزەوە لە ئێران دەکەن؟
 
ڤیدانت پاتێل: "من نامەوێت پێش رووداوەکان بکەم، لەبارەی ئەوەی بۆچی هێرش نەکرایە سەر وێستگەی کارەبا و یان کێڵگەی گاز. ئەوەی دەتوانم بڵێم ئەوەیە کە ئەمجۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی، هێرشی راستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق، هەربۆیە بینیتان ئێمە سەرکۆنەمان کرد، بەڵام لەوە زیاتر هیچی دیکەم نییە."
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا