لە کینیا چاڵنجی 'بە قەد تەمەنت دار بچێنە' بەڕێوەدەچێت


رووداو دیجیتاڵ

لە کینیا پرسەی مۆنیکا مالۆنزای کە ژنێکی 103 ساڵی بوو، بەڕێوەچوو، مردنێک، کە لەدوای خۆی سوودێک بە ژینگە وشکهەڵهاتووەکەی کینیا دەگەیێنێت. نەوەکانی مۆنیکا بە قەد تەمەنی ئەو نەمامیان چاند. ئەمە نوێترین چاڵێنجە لە کینیا تاوەکو رووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا ببنەوە.
 
موانزیا مالۆنزا، کوڕی مۆنیکا مالۆنزا دەڵێت، "دایکم لە تەمەنی 103 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. سوپاسی پرۆژەی 'بە ژمارەی تەمەن نەمام بچێنە' دەکەم کە هاتوونەتە ئێرە و ئێمەیان فێری ئەوە کرد. منیش وەکو 70 ساڵی تەمەنم 70 نەمام دەچێنم."
 
لە 27ـەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە قاهیرە بەڕێوەچوو، حکومەتی کینیا بڕیاری دا تاوەکو ساڵی 2030، 15 ملیار نەمام بچێنێت، ئەمەش وەکو هەنگاوێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
 
حکومەتی کینیا لە سەرەتای ئەمساڵ رایگەیاند، لە ساڵی 2022دا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە 2.5 ملیۆن سەر ئاژەڵیان لەدەستداوە، مەترسیش لەسەر 10 ملیۆن سەر ئاژەڵی دیکەش هەیە.
 
لە لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بەوە کراوە، تێچووی خۆگونجاندن لەگەڵ کارەساتە سرووشتییەکانی وەکو وشکەساڵی و لافاو تاوەکو ساڵی 2030، 580 ملیار دۆلار دەبێت و ساڵی 2050ش دەگاتە 1.8 ترلیۆن دۆلار.
 
بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەو ناوچەیە کە خەڵک بە زۆری پشت بە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ دەبەستن، چەند ملیۆن کەسێک دووچاری برسێتیی دژوار بوونەتەوە؛ 5.6 ملیۆن کەس لە سۆماڵ، 12 ملیۆن لە ئەسیوپیا، 4.3 ملیۆن لە کینیا لە برسێتیی سەختدا دەژین.
 
دۆرکاس مەمبڵ، ژینگەناسە و دەڵێت، "ئەوە ئەو هۆکارەیە کە وادەکات ئێمە رێنوێنیی خەڵک بکەین نەمام بچێنن، لەو رێگەیەوە دەتوانین فرەچەشنی ژینگە بگەڕێنینەوە بۆ کینیا. ژینگەیەک کە لانکەی هەزاران ئاژەڵ بوو، ئێستا کە بەمشێوەیە تێکچووە جێگەی داخە. ئەو نەمامانە دەچێنین، کە ئاوی کەمی پێویستە."
 
لە ساڵی 2022دا، وشکەساڵیی وایکرد هەر کەسێک پشتی بە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بەستبێت، کۆچ بکات. بەگوێرەی پڕۆگرامی خۆراکیی جیهانی، 13 ملیۆن کەس لە وڵاتانی کینیا، سۆماڵ، ئێریتێریا و ئەسیوپیا کە بە شاخی ئەفریقا ناسراون رووبەڕووی وشکەساڵییەک بوونەتەوە، کە لە 41 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە.