شاندێکی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکایە؛ رێککەوتنی دەستەخوشکی دهۆک و دیترۆیت واژۆ دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەهەر خوری، راوێژکاری باڵا لە دێسکی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە. هاوکات شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتی میشیگن لەگەڵ چەند ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکاش کە نوێنەرایەتیی ویلایەتەکە دەکەن، کۆبوونەوە.
 
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە رووداوی گوت، "گەلێک بابەت کە گرێدراوی سیاسەتی ئەمریکان لە ناوچەکەدا گفتوگۆیان لەسەرکرا، تێگەیشتێکی باش هەبوو بۆ ئەم دۆخەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان، عێراق و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا هەیە، باس لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کرا بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی کە دێنە پێش.''
 
سەردانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ ویلایەتی میشیگن دوو ئامانجی سەرەکین، یەکەمیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی بازرگانی و راکێشانی وەبەرهێنانی کلدانیی ئەمریکییە بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها دوومیش بۆ راگەیاندنی دەستەخوشکی نێوان ویلایەتی میشگن و دهۆکە.
 
بەیان سامی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن دەڵێت، "شاندی هەرێمی کوردستان هاتوونەتەوە ویلایەتی میشیگنیان بۆ هەبوونی دۆستایەتی لەگەڵ کۆمەڵگەی کلدانی ئەمریکی، هەروەها بۆ دروستکردنی پردێک لە نێوان وەبەرهێنانی ئەمریکی کلدانی و کوردستان، ئێمە دەمانەوێت برادەرانی کلدانی کە لە مێژە لە ئەمریکان هەندێک لەوان، خێزانەکانیان پێش 100 ساڵ هاتوونەتە ئێرە، بێن لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن.''
 
گەورەترین رەوەندی کلدانیی کوردستان و عێراق لە ئەمریکا لە ویلایەتی میشگنن، کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 160 هەزار کەس، ئەوان کەسە خاوەنی نزیکەی 25 هەزار بازرگانیی بچووک و گەورەن و ژوورێکی بازرگانیی تایبەت بەخۆیان هەیە، بازرگانە کلدانییەکانی ئەمریکا دەیانەوێت روو لە کوردستان بکەن و وەبەرهێنان لە کوردستان بکەن.
 
مارتین مانا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی کلدانی ئەمریکی باسی لەوە کرد، "کۆمەڵگەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەگەشێتەوە، زۆر دڵخۆشین بەبینی ئەمە و دەمانەوێت پشتیوانیان بکەین، بۆیەش دەستپێشخەرییەکمان هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە خەڵکی عەنکاوە، هەولێر و دهۆک کە ئەم کارە گرنگە دەکەن، پشتیوانیان بکەین، پشتیوانی لە رێگەی پڕۆگرامی درێژخایەن و کارسازەکان، ئێمە ئەو بەرهەمانە دەکڕین کە لەو ناوچانە دروستدەکرێن و هاوردەی ئەمریکای دەکەین، ئێمە چەندین دەستپێشخەری دیکەمان هەیە بۆ پشتیوانیکردنی لە جێگری بازرگانی بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق.''
 
ئەم دەستپێشخەرییەی ژووری بازرگانیی کلدانیی ئەمریکی لە میشگین، لەلایەن حکومەتی ویلایەتەکە و هەروەها ئەندامەکانی میشگن لە کۆنگرێسی ئەمریکا پشتیوانییەکی گەورەی لێدەکرێت و هانی بازگرانەکانی دیکەی ئەمریکاش دەدرێت روو لە عێراق و کوردستان بکەن.
 
ئێلیزا سلۆتکین، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت، "ئێمە دەبێت ئەو هەلومەرجە بڕەخسێنین کە ئەو کۆمەڵگایە پێشبکەوێت، واتە ئازادیی هاتووچۆ و بازرگانیکردنیان هەبێت، هاوکات دەمانەوێت بازرگانە ئەمریکییەکانیش بچن لە عێراق وەبەرهێنان بکەن، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوکاریی حکومەتی عێراقە، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت دان بە گرنگیی ئەو پێکهاتانەدا بنێت و دڵنیاییبدات کە داعش بەتەواوەتی سزادراوە و کرستیان و ئێزدی پێکهاتەکانی دیکەش هاوکاری دەکرێن لەوەی بتوانن گوندەکانی خۆیان بنیادبنێنەوە.''
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، پارێزگاری دهۆک، سەرۆکی ژووی بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک و هەروەها ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان کە کرستیانە پێکهاتووە، بڕیارەش تاوەکو رۆژی یەکشەممە ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی دیکە لە ویلایەتی میشگن ئەنجامبدەن.