رووداو دیجیتاڵ
دوای 13 ساڵ چاوەڕوانی و داواکردنی بوونە ئەندام لە ناوچەی شنگن، بڕیارە بولگاریا و رۆمانیا لە 31ی ئادار بچنە نێو ناوچەی شنگنەوە.
ئانتن ئانتنۆڤ، شۆفێری بارهەڵگر لە بولگاریاوە دەیەوێت بچێتە رۆمانیا، دەڵێت، "لە دوێنێوە لێرەم و چاوەڕێم، هیوادار بووم ئەمڕۆ لە سنوور دەرباز ببم، بەڵام پێناچێت ئەمڕۆش دەرباز ببم."
بڕیارە بولگاریا و رۆمانیا لە 31ی ئەم مانگە بچنە نێو ناوچەی شنگنەوە. یەکەم هەنگاوی ئەو بڕیارەش، هەڵگرنتی پشکنینی پاسپۆرتە بۆ هاووڵاتیانی ئەو دوو وڵاتە لە خاڵە سنوورییەکانی ناوچەی شنگن، بەڵام بڕیارەکە تەنیا رێگەی ئاسمانی و دەریایی دەگرێتەوە و جارێ رێگەی زەوینی ناگرێتەوە.
لولان، هاووڵاتی رۆمانیا گوتی، "رێگەی ئاسمانی، زۆر یارمەتیدەر نییە، پێویست بوو یەکەم قۆناخ رێگەی زەوینی بووایە، دەبێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە نە رێگەی ئاسمانی و نە رێگەی دەریایی، زۆر ئاسانکاریی نییە."
ناوچەی شنگن پێکهاتووە لە 27 وڵاتی ئەوروپی، کە هیچ سنوورێکیان لەنێواندا نییە و ئازادیی هاتووچۆکردن پەیڕەو دەکەن، سیاسەتێکی یەکگرتووی ڤیزاش جێبەجێ دەکەن. لە ساڵی 1995ـەوە دامەزراوە و رووبەری ناوچەکە زیاتر لە چوار ملیۆن و 300 کیلۆمەترە؛ رۆژانە ملیۆنێک و 700 هەزار کەس لە سنوورەکانی نێوان وڵاتانی شنگن هاتووچۆ دەکەن.
سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2007ـەوە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپان، بەڵام بەهۆی کێشەی کۆچبەرانەوە، ئەندامبوونی رۆمانیا و بولگاریا لە ناوچەی شنگن، 13 ساڵ دواخرا.
بۆگدان دێسپاسیۆ، وەزیری کاروباری نێوخۆی رۆمانیا دەڵێت، "خەڵک چیدیکە ناچار نابێت بەنێو خاڵی پشکنینی سنووریدا تێپەڕێت، وەکو ئەوەی ئێستا هەیە، بەڵکو هاووڵاتییان تەنیا بلیتی فڕۆکە دەبڕن و راستەوخۆ دەچنە فڕۆکەکەوە."
لە ساڵی 2011وە بولگاریا و رۆمانیا داوایان کردبوو ببنە ئەندامی ناوچەی شنگن؛ ئێستا تەنیا قوبرس ماوە، کە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا بێت و نەبووبێتە ئەندامی ناوچەی شنگن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ