تاجیکستان 9 کەس بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە هێرشەکەی مۆسکۆوە دەستگیردەکات
رووداو دیجیتاڵ
بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە هێرشە خوێناوییەکەی مۆسکۆوە کە کوژرانی 143 کەسی لێکەوتەوە، ئاسایشی تاجیکستان 9 کەسی دەستگیرکرد.
رۆژی هەینی، 29-03-2024، سەرچاوەیەک لە ئاسایشی تاجیکستان رایگەیاند، "دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، هێزەکانی ئاسایشی تاجیکستان توانیان نۆ گومانلێکراوی هێرشەکەی مۆسکۆ لە شاری ڤاخدات دەستگیربکەن و بیانگوازنەوە بۆ پایتەخت".
22-03-2024، چوار چەکدار هێرشیان کردە سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە شاری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و بە هەڕەمەکی تەقەیان کرد، نارنجۆکیان تەقاندەوە و ئاگریان لە باڵاخانەکە بەردا. سەرەتا ئاماری کوژراوان 45 کەس بوو، بەڵام بەهۆی گیانلەدەستدانی بریندارەکان و دۆزینەوەی تەرم لە ژێر داروپەردووی هۆڵەکە، حکومەتی رووسیا دەڵێت، تا ئێستا لانیکەم 143 کوژراون.
داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتی لە هێرشەکە راگەیاند.
دوای چەند کاژێرێک لە هێرشەکە، هێزە ئەمنییەکانی رووسیا 11 کەسیان دەستگیر کرد کە هێرشکارەکانیان تێدابوون و چوار کەسیشیان تاجیکستانی بوون.
تاجیکستان کە پێشتر بەشێک بوو لە یەکێتیی سۆڤیەت و لە ساڵی 1991 جیا بوویەوە، دەکەوێتە نێوەڕاستی ئاسیا و بنکەیەکی سەربازیی رووسیاش لەوێ هەیە.
سەرچاوەکەی تاجیکستان ئەوەشی خستووەتەڕوو کە خێزان و کەسوکاری ئەو نۆ کەسەش دەستگیرکراون بۆ ئەوەی هێزە رووسییەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکەن.
رووسیا هێشتا گومان لە ئۆکراینا دەکات. سەرەتا گومان هەبوو کە ئۆکراینا هێرشەکەی کردبێت. پاشان رووسیا رایگەیاند، ئۆکراینا ئامادەکاری بۆ ئەو کەسانە کردووە تاوەکو لە رێگەی سنووری ئۆکرایناوە هەڵبێن.
رۆژی 28ی ئاداری 2024، سڤیتلانا پیترینکۆ، گوتەبێژی لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا گوتی، "بەهۆی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان، پشکنینی ئەو ئامێرانەی لێیان گیراوە و لێکدانەوەی مامەڵە داراییەکان، بەڵگەی هەبوونی پەیوەندی ئەو تیرۆریستانە بە نەتەوەپەرستەکانی ئۆکراینامان دەستکەوتووە."
گوتەبێژەکەی لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، "لێکۆڵینەوەکە ئەو زانیارییە پشتڕاست دەکاتەوە کە تاوانبارانی هێرشە تیرۆریستییەکە پارە و دراوێکی ئەلیکترۆنی زۆریان لە ئۆکراینا وەرگرتووە."
ئەلێکساندەر بۆرتنیکۆڤ، سەرۆکی ئاسایشی نیشتمانیی رووسیاش رۆژی 26-03-2024 هەواڵگریی ئەمریکا و بەریتانیای تۆمەتبار کرد بەوەی یارمەتیی هێرشکارەکانیان داوە و گوتی، "بڕوامان وایە هێرشەکە لەلایەن ئیسلامییە تووندڕۆکانەوە کراوە، بێگومان لەلایەن هەواڵگرییەکانی رۆژئاواوە کارئاسانی بۆ کراوە و هەواڵگریی ئۆکرایناش پەیوەندیی راستەوخۆی بەوەوە هەبووە."
سەرۆکی ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا باسی لەوەش کرد، هێرشکارەکان هەوڵیان داوە بچنە ئۆکراینا؛ کیێڤ ئەوە رەت دەکاتەوە. بۆرتنیکۆڤ گوتی، "نهێنییەکی بچووکتان پێ دەدەم: لەو دیوی سنوورەوە وەکو قارەمان پێشوازییان لێ دەکرا."