لەتیف نێروەیی: بافڵ تاڵەبانی ژمارەیەک دۆسیەی ئابووری و ئەمنی لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا تاوتوێ دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی رایگەیاند سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی بۆ رووسیا سەردانێکی "گرنگ و فەرمییە و لە کاتێکی هەستیاردایە." دەشڵێت، "ژمارەیەک دۆسیەی سیاسیی، ئابووری و ئەمنی لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا تاوتوێ دەکات و هەردوولا هاوڕان لە سەقامگیری و هاتنەکایەی ئاشتی لە ناوچەکەدا."
 
لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی بۆ رووسیا و دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەردانەکە فەرمییە و سەردانێکی گرنگە و لە کاتێکدا هەستیاردایە."
 
لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: "لە سەردانەکەدا کاک بافڵ، سەرۆکی یەکێتی و شاندەکەی چاویان بە ژمارەیەک بەرپرسی پلە باڵای رووسیا کەوتووە و دەکەوێت، لەنێویاندا دیداریان لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا کەوتووە."
 

بەرپرسەکەی یەکێتی سەبارەت بە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی سەرۆکی یەکێتی و بەرپرسانی رووسیا، گوتی: "باسی دۆسیە و تەوەرەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنی کراوە و دەکرێت، چەندین بابەتی گرنگ تاوتوێ دەکرێن، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە عێراق و هەرێمی کوردستان و لەسەروویانەوە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایش و سەقامگیریی و سەروەریی خاکی عێراق و کوردستان."
 
لەتیف نێروەیی گوتیشی: "سەردانەکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی سیاسیی و تۆکمەکردنییانە لەگەڵ رووسیا کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیوەندیی لەمێژینەی هەیە و بەشێکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خوالێخۆشبوو مام جەلال."
 
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئاداری 2024، بافڵ تاڵەبانی بە سەردانێک گەیشتە مۆسکۆ. لە سەردانەکەدا، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی یاوەریی دەکات.
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا "هەڵوەستەی لەسەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکان کرد و ستراتیژیی یەکێتیی خستەڕوو، هەروەها جەختی لە گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکان کردەوە بە ئاڕاستەی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و گوتی پێویستە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت و وڵاتەکەمان نەبێتە جێگەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان."