ژمارەیەک کۆنگرێسمان بۆ بایدن: داوا بکە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک سیناتۆر و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نامەیەک ئاڕاستەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەکەن و نیگەرانیی خۆیان لەبارەی میوانداریکردنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەمریکا دەردەبڕن.
 
هاوکات، داواش لە بایدن دەکەن داوای دەستبەجێ دەستپێکردنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بکات. 
 
"میوانداریکردنی سوودانی نابەجێیە"
 
رۆژی 28ـی ئاداری 2024، هەشت کۆنگرێسمانی ئەمریکا (چوار ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و چوار ئەندامی ئەنجوومی پیران) نامەیەکیان ئاڕاستەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کرد. لە نامەکەیاندا نیگەرانیی خۆیان لەبارەی میوانداریکردنی سوودانی لە ئەمریکا دەربڕیوە و دەڵێن، "ئێمە نیگەرانیی قووڵی خۆمان لەبارەی میوانداریکردنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی دەردەبڕین".
 
رۆژی هەینی، 22-03-2024، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 15-4-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.
 
لە نامەکەیاندا، کۆنگرێسمانەکان باسی حکومەتی عێراق بۆ بایدن دەکەن و دەڵێن: "حکومەتی عێراق لەژێر کاریگەرییەکی بەرچاوی ئێراندایە و ساڵانە نزیکەی سێ ملیار دۆلار بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە میلیشیاکان کە هێزی پاڵپشتیکراوی ئێرانن خەرج دەکات. ئەو گرووپە میلیشیایانە لە حەوتی ئۆکتۆبەری پارەوە زیاتر لە 180 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان."
 
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، چەندین گرووپی عێراقی کە خۆیان بە "بەرەی مقاوەمە" دەناسێنن چەندینجار لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا.
 
رۆژی 14ـی ئەم مانگە ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت، ئەمریکا جارێکی دیکە عێراقی لە پابەندبوون بە سزاکانی واشنتن بۆ سەر ئێران بەخشیوە و رێگە بە بەغدا دەدات کارەبا لە تاران بکڕێت.
 
لە نامەکەدا ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس و ئەنجوومەنی نوێنەران نیگەرانیی خۆیان لە لێخۆشبوونی کڕینی کارەبای ئێران لەلایەن عێراقەوە دەربڕیوە و دەڵێن: "ئێوە بەردەوامن لە پێدانی لێخۆشبوونی سزاکانی سەر حکومەتی عێراق بۆ هاوردەکردنی کارەبا و غازی سرووشتیی ئێران، ئەوەش لەکاتێکدا [عێراق] ئەو دۆلارە ئەمریکییەی لە یەدەگی فیدراڵییەوە بۆ گواستراوەتەوە بەکاردەهێنێت".
 
ئەمریکا چەند جارێکی مۆڵەتەکەی بۆ ماوەی 120 رۆژ درێژکردووەتەوە و بۆ ئەوەی یارمەتیی عێراق بدات لە دەستکەوتنی کارەبای پێویست.
 
"پێویستە داوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەیت"
 
لە نامەکەدا ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی نوێنەران و سێناتی ئەمریکا بە بایدن دەڵێن: "حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی چالاکانە لەگەڵ تاران دژی هاوپەیمانە کوردەکانمان کار دەکات، لەنێویاندا بڕینی هاوکارییە داراییەکانی حکومەت و داخستنی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا، کە بەشێکی زۆری ئابووریی کوردستانی لەسەر بەندە".
 
لە نامەکەدا داوای کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لەسەر عێراق کراوە و بە بایدن دەڵێن: "پێویستە سەرنجتان لەسەر کەمکردنەوەی کاریگەری ئێران لەسەر عێراق و پاڵپشتیکردنی هاوبەشەکانمان لە کوردستان بێت".
 
لە نامەکەدا داوای دانانی پێشمەرج بۆ سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا کراوە و ئاماژە بەوە کراوە: "وەک پێشمەرجێک بۆ هەر سەردانێکی محەممەد شیاع سوودانی، پێویستە داوا بکەن کە دەستبەجێ بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکاتەوە و چیدیکە هەژموونی تاران لە بەغدا نەبێتە هەڕەشە بۆ هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ کەرتی گشتی و تایبەتی عێراق".
 
پرسێکی دیکە کە لە نامەکەی ئەندامەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و ئەندامانی سێنات (ئەنجوومەنی پیران) جەختی لێکراوەتەوە، ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە لەلایەن حکومەتی عێراق. 
 
لە نامەکەدا داوا لە بایدن کراوە، داوا لە حکومەتی عێراق بکات شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت: "پێویستە داوا لە حکومەتی عێراق بکەیت کە دەستبکاتەوە بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و رێگە بە فرۆشتنی دەستبەجێی نەوتی خاوی کوردستان بدرێت".
 
رۆژی سێشەممە، 26ی ئاداری 2024، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و عێراق لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن.
 
لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەنادەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش میلەر گوتی: "ئەمریکا لە ئاستی باڵا لەسەر ئەو پرسە لەسەر هێڵە.. داوامان لە هەموو لایەنەکان کردووە، بۆئەوەی بگەنە رێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆرییەوە. پێمان وایە هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە سوودی هاوبەشی بۆ هەموو لایەنەکان دەبێت."
 
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە، 26-03-2024، بڵاویکردەوە، "ساڵێک بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان تێپەڕیوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی 2023 لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت رێککەوت، بەڵام وێڕای ئەو رێكکەوتنەش هەناردەی نەوت دەستی پێنەکردووەتەوە و بەهۆی بڕگە نادادپەروەرییەکانی یاسای بودجەوە پرۆسەكە زیاتر ئاڵۆز كراوە."
 
لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە.
 
دوای تێپەڕبوونی ساڵێک، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور راپۆرتێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "یەک ساڵی تەواوە بۆریی نەوتی عێراق - توركیا داخراوە، راگرتنی كاریگەری كردووەتە سەر كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان و راگرتنی 450,000 بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ بازاڕەكانی جیهان."