بایدن لە یەک هەڵمەتدا 26 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵمەتێکی تایبەت بە کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ بەربژێری دیموکراتەکان لە شاری نیویۆرک، کە هەریەک لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و دوو لە سەرۆکەکانی پێشووی وڵاتەکە بەشدارییان تێدا کرد، 26 ملیۆن دۆلار کۆکرایەوە.
شەوی پێنجشەممە، هەڵمەتێکی فراوان بۆ کۆکردنەوەی پارەی زیاتر بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەوەی بایدن بەڕێوەچوو، کە هەر یەک لە باراک ئۆباما و بیڵ کلینتن، سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا بەشدارییان تێدا کرد.
لە هەڵمەتەکەی دیموکراتەکاندا، خۆپێشاندەرانی فەلەستینی و چالاکڤانانی دژە جەنگی غەززە، لەدژی هەڵوێستی ئیدارەی بایدن لە جەنگی فەلەستینی و ئیسرائیل خۆپێشاندانیان کرد.
تیمی هەڵبژاردنەوەی بایدن، لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکە رایانگەیاند تەنیا لەو شەوەدا، 26 ملیۆن دۆلاریان کۆکردووەتەوە و هەرزووش رایانگەیاند ئەو بڕەی کە لە یەک شەودا کۆیانکردوونەتەوە، زۆر زیاتر بووە لە داهاتی تیمەکەی ترەمپ بۆ مانگی شوباتی رابردوو.
بێجگە لە بەشداریکردنی ئۆباما و کلینتن، چەندین ئەکتەر و گۆرانیبێژی ناسراوی ئەمریکیش بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کرد؛ لەوانە کوین لەتیفا و لیزۆ و بۆ کاژێرێکیش هەر سێ سەرکردەی دیموکراتەکان وەڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.
دواتریش هەر کەسێک ئارەزووی بکردایە، دەیتوانی بە بڕی 100 هەزار دۆلار وێنە لەگەڵ سێ سەرکردەکەی کۆمارییەکان بگرێت.
لەبەرامبەردا، ترەمپی 77 ساڵ بەشداری هەڵمەتێکی تایبەتی لە نیۆیۆرک کرد و لەوێ جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر بایدن، بەتایبەتی لە پرسی کۆچبەراندا و هەروەها بەشداریی رێوڕەسمێکی تایبەتیشی کرد بۆ یادکردنەوەی ئەفسەرێکی پۆلیس کە هەفتەی رابردوو کوژرابوو. دواتر ترەمپ رایگەیاند دەبێت کۆتایی بە تووندوتیژییەکانی دژی پۆلیس لە ئەمریکا بهێندرێت.
ئەم ساڵ، ترەمپ کەمترین پارەی لە هەڵمەتەکەیدا خەرجکردووە ئەمەش بەهۆی ئەوەی تیمەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا زیاتر سەرقاڵی دانەوەی سزا داراییەکانیەتی تایبەت بەو کەیسە یاساییانەی لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا، لە دژی جوڵێندراون.