رووسیا گومانلێکراوێکی دیکەی هێرشەکەی مۆسکۆ دەستگیر دەکات

30-03-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەکی مۆسکۆ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ گومانلێکراوێکی دیکەی هێرشەکەی مۆسکۆ دەردەکات کە بووە هۆی کوژرانی 144 کەس.
 
رۆژی هەینی 29-03-2024 دادگەی ناوچەی باسمانی لە مۆسکۆ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ نازریمید لوتفۆلی، هاووڵاتی تاجیکستانی دەرکرد کە بە گومانلێکراوێکی دیکەی هێرشەکەی هەفتەی رابردووی مۆسکۆ دادەنرێت.
 
رۆژی 22-03-2024 چوار چەکدار هێرشێکیان کردە سەر هۆڵی کرۆکەسی تایبەت بە ئاهەنگگێڕان لە مۆسکۆ. تەقەی هەڕەمەکی و تەقاندنی نارنجۆک و ئاگربەردانی هۆڵەکە بووە هۆی کوژرانی 144 کەس.
 
ئەمڕۆ هەینی، داعش لە رێگەی تەلەگرامەوە رایگەیاند، "چوار چەکدارەکەمان دەستگیرکراون."
 
تائێستا رووسیا 12 کەسی دەستگیرکردووە کە چواریان هێرشکارەکە بوون.
 
داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاندووە و سەرەتا بەو جۆرە بڵاویکردەوە کە چەکدارەکان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، بەڵام بەیانییەکەی هێزە ئەمنییەکانی رووسیا چوار چەکدارەکە و کۆمەڵێک گومانلێکراوی دیکەیان دەستگیرکرد.
 
لە ڤیدیۆیەکدا یەکێک لە چەکدارەکان بە دەستبەسەرکراوی دەردەکەوێت و دەڵێت، "لە بەرامبەر ئەنجامدانی هێرشەکەدا پارەمان وەرگرت، بەڵام تەنیا نیوەی پارەکە بوو."
 
دەستەی لێکۆڵینەوەی رووسیا لەو هێرشە دەڵێت، "نەتەوەپەرستەکانی ئۆکراینا یارمەتییان داون و لە رێگەی دراوی ئەلیکترۆنییەوە پارەداریان کردوون."
 
لە 23ـی مانگدا ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، "پووتین بیر لەوە دەکاتەوە چۆن هێرشەکە بە ئۆکرایناوە گرێ بدات. هەموو شتێک تەواو پێشبینی کراوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە