15 وڵاتی کیشوەری ئەفریقا رووبەڕووی وشکەساڵیی تووند بوونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
برسێتی بەڵایەکی کوشندەیە کە زیاتر لە 800 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهانەوە بەدەستییەوە دەناڵێنن. وشکەساڵی وایکردووە، قەیرانەکە لە وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا کاریگەرتر بێت.
برایتۆن مفینگا، بەرپرسی نووسینگەی رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکانی مالاوی دەڵێت، "ئەو خۆراکەی ئەمڕۆ دەیبینیت، دابەشی دەکەین بۆ ئەم وەرزەیە کە تێیداین، بەڵام جۆرێکی دیکە لە برسێتی هەیە کە رووبەڕووی دەبینەوە بەهۆی ئەو وشکەساڵییەی هەیە. ئێڵ نینۆ (دیاردەی گەرمبوونی رووی دەریا و زەریاکان) کاریگەری زۆر گەورەی هەبووە."
لە 54 وڵاتی ئەفریقا، 15یان رووبەڕووی وشکەساڵی و کەمئاوییەکی کەموێنە بوونەتەوە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوو ملیار و 200 ملیۆن کەسی جیهان کە ئاوی خواردنەوەی پێویستیان نییە، ملیارێک و 200 ملیۆنیان لە ئەفریقان.
بەگوێرەی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 45 وڵات و ناوچەی جیهان کە پێویستیان بە هاوکاریی خۆراکە، 33یان لە ئەفریقان.
تەنیا لە وڵاتانی رۆژئاوا و نێوەڕاستی کیشوەرەکە کە زۆرترین کاریگەریی وشکەساڵیان لەسەرە، 49 ملیۆن کەس برسین کە بەراورد بە پار 4٪ زیادیکردووە.
مانیس کانجالا، دانیشتووی مالاوییە لە ئەفریقا، هاوکاریی مرۆیی وەرگرتووە و دەڵێت، "کێڵگەیەکی گەورەم هەیە کە رووبەرەکەی زیاتر لە دوو دۆنم و نیوە. بەیەکەوە لەگەڵ منداڵەکان، کێڵگەکە دەکێڵین. ئەگەر باران باش بێت، 20 بۆ50 کیلۆگرام گەنمەشامی دەدوورمەوە. ئەم ساڵ، هیچم نەدووریوەتەوە. لە تشرینی دووەمدا گەنمەشامیمان چاند، چونکە باران باش بوو، رووا. بەڵام لە کانوونی یەکەمدا بارانی کەمترمان هەبوو. خۆرەکە زۆر گەرم بوو و هەموو بەروبووم و کێڵگەکەی سووتاند."
وشکەساڵی و برسێتی کیشوەری ئەفریقا لەکاتێکدایە، دەزگای کۆپەرنیکۆسی سەر بە یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، شوباتی ئەم ساڵ گەرمترین بووە لە 170 ساڵی رابردوودا.
هەروەها، ئەفریقای بە یەکێک لەو کیشووەرانە داناوە کە زۆرترین کاریگەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایان لەسەرە.