ئەمریکا سزا بەسەر دوو ئامۆزای بەشار ئەسەد و چوار بەرپرسی حیزبوڵڵادا سەپاند


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە هۆشبەری کاپتاگۆنەوە سزا بەسەر شەش کەسدا دەسەپێنێت. دوو لەو کەسانە ئامۆزای بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریان.
 
رۆژی سێشەممە 28-3-2023، ئاندریا گاکی، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، "سووریا بووەتە پێشڕەوی جیهانی لە بەرهەمهێنانی کاپتاگۆندا، کە هۆشبەرێکی ئەوپەڕی ئالوودەکەرە و زۆربەی ئەو مادەیە بەنێو لوبناندا قاچاخچێتی پێوە دەکرێت."
 
بەگوێرەی راگەیێنراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، مەزەندە دەکرێت گوژمەی قاچاخچێتی کاپتاگۆن زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بێت. باسیش لەوە دەکرێت، قاچاخچێتی کاپتاگۆن لەلایەن گرووپێکی خێزانی ئەسەد و ژمارەیەک قاچاخچی لوبنانییەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت و داهاتەکەشی هاوکاری مانەوەی حکومەتی سووریا دەکات.
 
ئاندریا گاگی دەڵێت، "لەگەڵ هاوپەیمانانمان ئەو کەسانەی لە رێگەی پارەی قاچاخچێتی هۆشبەر و هاوکاری دیکەی داراییەوە پاڵپشتی لە مانەوەی رژێمی ئەسەد دەکەن بە بەرپرسیار دەگرین، کە بەردەوامی بە سەرکوتکاری ئەو رژێمە دەدەن بۆ سەر خەڵکی سووریا." 
 
حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە سووریا ئەوەی رەتکردووەتەوە بە بازرگانیی هۆشبەری کاپتاگۆنەوە تێوەگلابێت و باس لەوە دەکات کار بۆ بنبڕکردنی ئەو بازرگانییە دەکەن.
 
سەمیر کەمال ئەسەد، ئامۆزای بەشار ئەسەد یەکێک لەوانەیە بە تۆمەتی سەرپەرشتیکردنی بەرهەمهێنانی هۆشبەری کاپتاگۆن لە لازقییەی سووریا سزای ئەمریکای بەسەردا سەپێنراوە. هەروەها وەسیم بەدیع ئەسەد، یەکێکی دیکەیە لەوانەی سزای وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکای بەسەردا سەپێنراوە. 
 
خالید قەدوور، بازرگانیی سووری کە بە گوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هاوبەشێکی نزیکی براکەی بەشار ئەسەدە یەکێکی دیکەیە لەوانەی سزای بەسەردا سەپێنراوە.
 
وەزارەتەکەی ئەمریکا سزای بەسەر ژمارەیەک بەرپرسی حیزبوڵڵای لوبنانیشدا سەپاندووە، کە ئەوانیش هاوپەیمانێکی نزیکی بەشار ئەسەدن کە لە شەڕی نێوخۆی سووریادا هاوکارییەکی زۆری ئەسەدیان لە رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا کردووە.
 
لە نێویاندا نوح زەیتار و حەسەن دەقو بوو، کە لە لوبناندا دەیان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام هێشتا ئازادن.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، حیزبوڵڵا و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە حکومەتی دیمەشق لە پشت بازرگانیکردن بە کاپتاگۆنەوەن، کە لە ئوردنەوە بۆ وڵاتانی باشووری ئوردن و لە لوبنانەوە بۆ وڵاتانی رۆژئاوای لوبنان دەیگوازنەوە. 
 
حیزبوڵڵای لوبنان هەموو پەیوەندییەک بە بازرگانی کاپتاگۆنەوە رەتدەکاتەوە.