رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئێران لە نەرویج ئامادەی ئێوارەخوانێکی رەمەزان بوو، کە ساڵانە لەلایەن باڵیۆزی شانشینی سعودیەوە لەو وڵاتە رێکدەخرێت. عەلی رەزا یوسفی، باڵیۆزی ئێران لە تویتێکدا دەڵێت، "جێی شانازیمە بەشداری ئەو ئێوارەخوانە بووم."
رۆژی سێشەممە 28-03-2023 ئامال یەحیا مەعلەمی، باڵیۆزی شانشینی عەرەبیی سعودیە لە نەرویج رایگەیاند، ئێوارەخوانێکی رەمەزانی لە شوێنی مانەوەی خۆی بۆ باڵیۆز و سەرۆکی تیمە دیپلۆماسییەکانی عەرەبی و ئیسلامی لەو وڵاتە بە ئامادەبوونی عەلی رەزا یوسفی، باڵیۆزی ئێران لەو وڵاتە سازکردووە.
وێنەکە لە تویتەر و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەنێوان یار و نەیاردا مشتومڕ و قسەی جیاوازی لەبارەوە دەکرێت، هەندێک هانی لێکنزیکبوونەوەکە دەدەن و هەندێکیش دژایەتییان نیشانداوە.
باڵیۆزی ئێران لە تویتێکدا لەبارەی ئێوارەخوان و رۆژوو شکاندنەکەوە نووسیویەتی، "جێی خۆشحاڵیم بوو بەشداری لە ئاهەنگی بەربانگکردنەوەی خاتوو ئامال موعەلەمی، باڵیۆزی شانشینی عەرەبیی سعودیە لە شوێنی مانەوەی بکەم، رێککەوتننامەی دوایی وەرزێکی نوێی لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوولای کردەوە."
دەرکەوتنی باڵیۆزی ئەو دوو وڵاتە لە وێنەیەکدا دوای زیاتر لە حەوت ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دێت.
ساڵی 2016 سعودیە بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر پیاوێکی ئایینیی شيعە مەزهەب بەناوی شێخ نەمر ئەلنەمر جێبەجێ کرد. لە کاردانەوەی ئەوەدا، خۆپێشاندەرە ئێرانییەکان لە تاران هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە. دواتر پەیوەندییەکانیان بە تەواوی پچڕاند.
رۆژی چوارشەممە، باڵیۆزەکانی سعودیە و ئێران لە باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدای پایتەختی عێراق کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەی محەممەد سدیق، باڵیۆزی ئێران و عەبدولعەزیز شەممەری، باڵیۆزی سعودیە دوای ئەوە دێت کە 10ی ئادار هەردوو وڵات بە نێوەندگیریی چین لە پەکین رێککەوتن پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە.
19ی ئەم مانگەش بەرپرسێکی ئێرانی رایگەیاند، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئێران بانگهێشتنامەی شا سەلمانی بۆ سەردانی سعودیە قبووڵ کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ