کۆنگرێسی ئەمریکا دەنگ لەسەر یاسایەکی تایبەت بە عێراق دەدات


رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، بۆ دەنگدانی کۆتایی لەسەر هەموارکردنەوەی دوو پڕۆژەیاسای تایبەت بە عێراق کۆببێتەوە، یاساکان لە ساڵانی 1991 و 2002 پەسند کراون کە تێیاندا سوپای ئەمریکا دەتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس، ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە عێراق ئەنجام بدات.
 
یاساکە، رۆژی چوارشەممە 29ی ئاداری 2023 لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەنگی کۆتایی لەسەر دەدرێت، ئەگەر دەنگی پێویستی بەدەستهێنا، دەچێتە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا.
 
پڕۆژەیاساکە، پڕۆژەیەکی هاوبەشی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی سەر بە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمریکایە کە تێیدا داوا دەکەن کۆتایی بە دەستکراوەیی پێنتاگۆن بهێندرێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە عێراق.
 
لە 14ی کانوونی دووەمی 1991، دوای داگیرکردنی کوێت لەلایەن رژێمی سەدام حوسێن، کۆنگرێسی ئەمریکا بەپێی یاسایەک، دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس دایە دەست جۆرج دەبلیو بووش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا.
 
دوای ئەو یاسایەش، هێزەکانی ئەمریکا بەشدارییان لە جەنگی کەنداو کرد، جەنگەکە بە شکستی عێراق کۆتاییهات و کوێت ئازاد کرا.
 
یاسای دووەم لە ساڵی 2002، لەلایەن کۆنگرێسەوە بە جۆرج دەبلیو بووش درابوو کە تێیدا کۆنگرێس پشتیوانی لە هێرشکردنە سەر عێراق دەکات دوای ئەوەی پێنتاگۆن رایگەیاند کە سەدام حوسێن خاوەنی چەکی کۆکوژە. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، لەژێر رۆشنایی ئەو یاسایە چەندین جار هێرشی سەربازییان بۆ سەر رێکخراوی داعش لە عێراق ئەنجامداوە بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا. 
 
چەک شوومەر، سەرۆکی زۆرینەی دیمووکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران گوتی، "هیوادارم دیموکراتەکان و کۆمارییەکان کۆک بن لەسەر دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکە." 
 
کیڤن مەکەرسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گوتی کە ئەو پشتگیری لە هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاساکە دەکات. 
 
دوو ساڵ لەمەوبەر، کە دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران زۆرینە بوون، 49 ئەندامی کۆماری پشتیوانییان لە هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتەکانی پەیوەست بە عێراق کرد، بەڵام سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنەکە، کێڤن مککارتی، ئەو کات دژی هەڵوەشاندنەوەکە دەنگی دا.