فەوزی هەریری: سەرۆک ماکرۆن متمانەی تەواوی بە بۆچوونەکانی نێچیرڤان بارزانی هەیە

29-03-2021
بڕوا کیانی @brwakyani
گفتوگۆی ئاڵا شاڵی لەگەڵ فەوزی هەریری
گفتوگۆی ئاڵا شاڵی لەگەڵ فەوزی هەریری
نیشانەکردن دیداری لووتکە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆکی فەرەنساوە بانگهێشتی وڵاتەکە کراوە و سبەی لە کۆشکی ئێلیزێ کۆدەبنەوە، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئیمانوێل ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی لێکتێدەگەن و بۆ کاژێرێک کۆدەبنەوە. "سەرۆک ماکرۆن متمانەی تەواوی بە بۆچوونەکانی نێچیرڤان بارزانی هەیە."
 
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە پاریس قسەی بۆ بە تۆڕی میدیایی رووداو کرد، ئەو خۆیشی لەگەڵ فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن دەبن. 
 
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە پاریس لە فەوزی هەریری پرسی، لەم دۆخە قورسەی بەهۆی کۆرۆنا ئەوروپای تێکەوتووە، سەرۆکی فەرەنسا مەبەستی بوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشت بکات و کۆبوونەوەی دووقۆڵی بکەن، گرنگی و ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە چییە؟ فەوزی هەریری باسی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد، گوتی، ناوچەی ئێمە بەتایبەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان چەند کێشەیەکیان هەیە، لەوانە: کێشەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختە، کێشەی سیاسیی ناوخۆ لەنێو حکومەت و پەرلەمانی عێراق، دۆخی رۆژئاوا، ئێران و تورکیا، گرنگن بۆ سەقامگیریی ناوچەکە، "سەرۆکی فەرەنسا متمانەیەکی تەواوی بە بۆچوونەکانی جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی هەیە... بۆیە کاک نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێرەیە بۆ ئەوەی بۆچوونەکانی خۆی و ئەو رێوشوێنانە دەستنیشان بکات کە چۆن رۆڵی فەرەنسا بەهێزتر بکرێت لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە هەن."
 
سەرەتای مانگی ئەیلوولی 2020، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی بەغدای کرد و کاژێرێک لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، هەر لەوێ بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەم کۆبوونەوەیە کردووە، ئاڵا شاڵی پرسی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیەوێت چی بە فەرەنسا بڵێت و چییان پێبگەیێنێت؟ 
 
فەوزی هەریری لە وەڵامدا رایگەیاند، "فەرەنسا یەکێکە لە زلهێزەکان و ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشە، فەرەنسا لە نزیکەوە دۆستی هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی خەڵکی ئێمەیە.. لە ساڵی 1991، لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا دەستپێشخەرییان هەبوو لە بڕیاری 688 کە میلـلەتی ئێمەی پاراست دژ بە هێرشەکەی سەدام. لە 2010 یەکەم چاوپێکەوتنی سەرۆک بارزانی بوو لەگەڵ یەکەم سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس.. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو سەرۆکی حکومەتیش چەندینجار سەردانی فەرەنسای کردووە. فەرەنسا بایەخێکی ئێجگار زۆر بە سەلامەتیی هەرێمی کوردستان دەدات."
 
بڕیاری 688 چەترێکی دابینکەری ئاسایش و سەقامگیری بوو و سەدان هەزار هاونیشتیمانی لەژێریدا حەسانەوە؛ پاراستنی کورد لە هەڕەشەی دەستی سەدام تاوەکو ساڵی 2003 بەردەوام بوو و لەو ساڵەیشدا ئەمریکا و بەریتانیا و چەند هاوپەیمانێکیان کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەعس هێنا. 
 
کورد سوودی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرت؛ پەرلەمان و حکومەتی تایبەت بە خۆی دامەزراند و قۆناخی خۆبەڕێوەبردن و ئاوەدانکردنەوەی نیشتمانی دەیان ساڵ وێرانکراوی دەستپێکرد. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە گوتەی فەوزی هەریری هەمان ئەو بابەتانە لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا باس دەکات، "چۆنییەتی پاراستنی مافە رەواکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور و عێراقێکی فیدراڵ."
 
فەوزی هەریری باسی لە هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرد، ئاماژەی بەوەدا، "ئێستا هەڕەشەیەکی بەرچاو لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، پێش چەند هەفتەیەک هەولێر لەلایەن هێزە چەکدارەکان مووشەکباران کرا، پێویستە سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت... ئێستا نەک تەنیا داعش، بەڵکو چەکدارەکانی دیکە بە قسە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێش سەردانی بۆ پاریس، وەکو فەوزی هەریری باسی کرد، راوێژی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ، سەرۆککۆماری عێراق و سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان کردووە و بۆچوونی خەڵکی دیکەی وەرگرتووە، بەڵام بۆچوونەکانی خودی خۆی ئاماژەی زۆر رێزگرتنن، چونکە هەموو بۆچوونەکانی ئەو پاش ماوەیەک راست دەردەچن."
 
لەبەر ئەوەی هەردوو سەرۆک گەنجن، فەوزی هەریری دەڵێت، "بۆیە لەگەڵ یەکدی زۆر بە ئاسانی قسە دەکەن و لە یەکدی تێدەگەن.. سبەینێ بۆ ماوەی زیاتر لە کاژێرێک پێکەوە دووقۆڵی قسە دەکەن.. ئامادەبوونی من و فەلاح مستەفا باوەڕناکەم رۆڵێکی هەبێت."
 
دوای گشتپرسی تایبەت بە سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە ئەیلوولی 2017دا و سەپاندنی گەمارۆی ئابووری و سیاسی بەسەر هەرێمی کوردستاندا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکە گەنجەکەی فەرەنسا لە کۆشکی ئیلیزێ پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان کرد و دووپاتیکردەوە، دەبێت دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا دەستپێبکات و مافەکانی کوردیش پارێزراو بن. 
 
لە تەمووزی 2019 دا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئیلیزێ و لە لایەن ئیمانوێل ماکرۆنەوە پێشوازی لێکرا و هەردوو سەرۆک جەختیان لە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: لە هیچ شوێنێک باسی کشانەوەی هێزەکانمان لە عێراق نەکردووە

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەوان لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لە هیچ شوێنێک باسیان لە کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق نەکردووە و هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.