دەوڵەمەندترین پیاوی چیک بەهۆی تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکەوە گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
پیتەر کیلنەر، ملیاردێر دەوڵەمەندترین پیاو لە کۆماری چیک لە رووداوی تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکدا لە ئالاسکا لەگەڵ چوار کەسی دیکە لەنێو هێلیکۆپتەرەکە گیانی لەدەستدا، یەکێک لەو کەسانەش کە لەنێو هێلیکۆپتەرەکەدا بووە، رزگاری بووە و ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت.
کیلنەر بازرگان بوو، تەمەنی 56 ساڵ بوو، سەروەتەکەی بە 52 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە. هۆکاری ئەو رووداوەی تێیدا گیانی لەدەستداوە ناڕوونە. جگە لەوەی بە دەوڵەمەندترین پیاوی چیک ناودەبرێت، یەکێکە لە دەوڵەمەندترین پیاوەکانی کیشوەری ئەوروپاش.
ئەو چوار کەسەی دیکەش کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە ناو و تەمەنیان بەمشێوەیە هاتووە: بنیامین لارۆشایکس، 50 ساڵ؛ گریگۆری هارمس، 52 ساڵ کە خەڵکی کۆلۆرادۆیە؛ هەروەها دوو هاووڵاتیی ئالاسکا بە ناوەکانی شۆن مکمانامی، 38 ساڵ و فڕۆکەوانەکە بە ناوی زەکاری رەسڵی 33 ساڵ.
ئاندریە بابیس، سەرۆکوەزیرانی چیک، کە خۆیشی ملیاردێرە، رووداوەکەی بە "تراژیدیایەکی باوەڕپێنەکراو" ناوبرد.
پیتەر کیلنەر، بازرگانێکی چیکییە، دامەزرێنەری گرووپی PPFـە و خاوەنی زۆربەی پشکەکانیەتی. لە 20ی ئایاری 1964 لەدایکبووە و ژن و منداڵێکی هەیە.