رووداو - هەولێر
لەو رۆژەوەی دۆناڵد ترەمپ بووەتە سەرۆكی ئەمریكا، دۆسیەی ئەگەری بوونی پەیوەندی لەنێوان تیمی ترەمپ بۆ بانگەشەی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەگەڵ رووسیا بە گەرمی باسکراوە.
ئێستا کە راپۆرتەکەی رۆبێرت مولەر تایبەت بەو دۆسیەیە بەو راستییە گەیشت کە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان تیمەکەی ترەمپ و رووسیادا نەبووە، کەشە ژەهراوییەکەی ئەمریکا کە دۆسیەکە دروستیکردبوو، کۆتاییهات.
سەرەڕای ئەنجامی راپۆرتەکەی مولەر کە رایگەیاندووە، تیمەکەی ترەمپ پەیوەندی نهێنی لەگەڵ رووسیادا نەبووە و ترەمپیش هەوڵی نەداوە بەربەست لەبەردەم لێکۆڵەر مولەر لە لێکۆڵینەوەکانی لە بابەتەکە دابنێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێس، بەتایبەتی دیموکراتەکان دەڵێن: راستە راپۆرتەکە دەڵێت پەیوەندی نهێنی نەبووە، بەڵام بەتەواوەتیش یەکلایی نەکردووەتەوە کە ترەمپ بەربەستی لەبەردەم لێکۆڵینەوەکان داناوە یان نا.
دیموکراتەکان گرەویان لەسەر ئەوە کردبوو کە ترەمپ پەیوەندی لەگەڵ مۆسکۆدا هەبێت و گەیشتە ئەوەی کە ترەمپیان بە بەکرێگیراوی رووسەکان ناوبرد و تەنانەت گرەویان لەسەر ئەوە کرد، ئەو کارتە وەک ئامرازێک بۆ دوورخستنەوەی ترەمپ لە پۆستەکەی بەکاربهێنن، بەڵام هەڵەی دیموکراتەکان لەوەدا بوو کە نەیانزانی هێزی ترەمپ لەوە دایە، گوزارشت لە دیاردەیەکی جەماوەری دەکات کە ناوی پۆپولیستییە.
ستیڤ بانۆن کە لە ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا وەک راوێژکاری سەرۆک کاریکرد، ئەو دیاردەیە باسدەکات و دەڵێت، پۆپولیستی گەشەی سەندووە و هەر ئەوەش بوو ترەمپی گەیاندە کۆشکی سپی، هاوكاری پێشكەشی نایجل فاراج لە بەریتانیا کردووە، هاوکاری بزووتنەوەی پێنج ئەستێرەی ئیتالیا، جایرۆ بولسوناردو سەرۆكی بەرازیل، ڤیكتور ئۆربن سەرۆكی هەنگاریا، مارین لۆپێن لە فەرەنسا، بزووتنەوە راستڕەوەكانی دیکە لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی کردووە.
ترەمپ لە یەكەم رۆژدا كە خۆی بۆ پێشبڕكێی سەرۆكایەتی لە ساڵی 2015 دا بەربژێركرد، بەرنامەی سیاسی خۆی ئاشكراكرد كە دەیگوت، بەرنامەكەی نموونەی بەرنامەی رەوتی راستڕەوی میللیە، كە بانون بە بەكارهێنانی ئامۆژگاری كردووە بۆ بەدەستهێنانی رای گشتی و سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكاندا، تەنانەت ئەگەر دواتریش دەستبەرداری بێت. ئەوە بوو پارتی کۆماری براوەی سەرۆکایەتی ئەمریکا بوو و پارتی دیموكرات لە هەڵبژاردنەكانی 2016 زیانێكی زۆری بەركەوت.
بانۆن یەک ساڵی لە ئیدارەی ترەمپدا مایەوە، دواتر نەما. سەبارەت بە هۆکارەکانیش، بانۆن دەڵێت:"چەندین كەسایەتی راستڕەوی ئەوروپی هەن کە لە ترەمپ زیاتر بەرگری لەرەگ و ریشەی جوو و مەسیحیەتی رۆژئاوا و نەریتخوازی و یاسا و رژێم و شەڕ دژی رۆشنبیری ماركسی دەکەن و جگە لەوەش لە ترەمپ چالاکترن"، ئەمەش كۆمەڵە پرسێكن دەریدەخەن کە ترەمپ لە زۆرێك لە بابەتەکاندا لەگەڵ بانۆندا هاوڕا نەبووە.
ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی رووسیا كران لە بابەتی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا و ئەوروپادا، ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە هێشتا ڤلادیمیر پووتین، سەرۆكی رووسیا چاوی لەوەیە دەستوەربداتە پرۆسەی رادەستکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە وڵاتانی جیهان و بەتایبەتی ئەمریکا لەسەر حسابی دیموکراسییەت، چونکە پووتین دەزانێت کە فەلسەفەی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر ئاستی جیهان بە قەیراندا تێدەپەڕێت و پێویستی بە چاکسازیی ریشەییە.
هەروەها پارتی دیموكرات هیچكاتێك هێرشەكانی ترەمپی لەسەر هاوپەیمانانی ئەمریكا و هاوبەش و دراوسێکانی ئەمریکا باش نەخوێندوەتەوە، جگە لە هەوڵەكانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنە بازرگانییەكان، بەوانەی نێو رێكخراوی بازرگانی جیهانیشەوە كە باری ئابووری رێكدەخات، رێككەوتننامەی پاریس بۆ كەشوهەوا، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ دووبارە كۆنتڕۆڵكردنەوەی جیهان لەلایەن سەرمایەداریی ئەمریكییەوە، بەڵام ئەمجارە بە شێوازێكی تووندتر.
هەر ئەوە بوو کە ترەمپ پشتگیری لە چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا کرد و هەر ئەوەشە کە ستیڤ بانۆن گرنگی بە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەوروپا دەدات و دەڵێت، پەرلەمانی ئەوروپا ئەمجارە جیاوازتر دەبێت لە خوولەکانی پێشووتری و ئاماژە بەوەشدەکات: پێویستە ئەو شێوازەی حوکمڕانی ئێستای هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا کە هەیە و بریتیە لە دوو وڵات کە لەژێر دەست و دەسەڵاتی کۆمەڵێک دامەزراوەی بیرۆکراسی لە بروکسلدان، بگۆڕدرێت.
ئەوەیە گەورەکەی كرملێن کاری بۆ دەکات، هەر ئەوەشە دیموكراتەكان وەریاننەگرتوە یان لانیكەم لێی غافڵ بوون، لەبەر چەند هۆكارێك کە لەوانەیە بۆ نەبوونی ئامرازەكانی وەڵامدانەوەی سیاسی راستەقینە بگەڕێتەوە، لەبری ئەوە دادگا و كردنەوەی كەیسەكانی ئابڕووبەرانەیان هەڵبژارد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤلادیمیر پووتین و بەشێوەیەكی چڕیش راگەیاندنیان بەکارهێنا، بەڵام هەوڵەكانیان ئەنجامی تەواویان نەبوو و بووەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی جەماوەری ترەمپ لە نێو بنكە جەماوەرییەكەی و پشتگیریکردنی زیاتری گوتارەکانی.
بابەتەکە بەوە نەوەستا، بەڵکو دوای دەرچوونی راپۆڕتەكەی مولەر كە ترەمپی لە تاوانی تێوەگلان و كاركردنی بۆ رووسیا بەریکرد، لە ئەمریکا هێرشێكی پێچەوانە دەستیپێكرد و راگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆنی كردە ئامانج، وەكو هەوڵێك بۆ چەسپاندنی تاوانباركردنی راگەیاندن بە درۆزن.
ترەمپ لە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی لە هەڵبژاردنەكاندا دابووی بەردەوامە. رۆژی لەدوای رۆژیش دەیسەلمێنێت كە پابەندە بە جێبەجێكردنی بەرنامە سیاسیەكەی، كە بەدرێژایی مێژووی ئیدارە جیاجیاکانی ئەمریكا بە تووندترین دەژمێردرێت ، لەرووی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەشدا.
ترەمپ خەریكە كۆتایی بەهەموو میراتەكەی باراك ئۆباما دەهێنێت، بەمدواییەش شەڕی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی چاودێری تەندروستی ناسراو بە ئۆباما كەیر دەستپێكردووە، زۆرێك لە هاوكارییەكانی كۆمەڵایەتی و زانستی و تەندروستیشی لە چینی هەژاران كەمكردەوە و لەبەرامبەردا، بەرێژەیەكی زۆر، باجی لەسەر سەرمایەداران و كۆمپانیا گەورەكان كەمكردەوە.
ترەمپ گەورەترین بودجەی سەربازی لە مێژووی ئەمریكا دەركرد بەبڕی 750 ملیار دۆلار و سەركردایەتییەكی سەربازیی نوێشی بۆ هێزی ئاسمانی پێكهێنا، چووە نێو رووبەڕووبوونەوەی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ هەر یەک لە یەكێتی ئەوروپا و چین، تاوەكو کار گەیشتە جێبەجێكردنی زۆرترین سیاسەتی ئەمریكی بۆ لایەنگریكردنی ئیسرائیل، لەرێگەی داننان بە قودس وەكو پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی بۆ قودس، دواتریش داننان بە سەروەری ئیسرائیل بە بەرزاییەکانی جۆلانی سووریادا.
بەكورتی ترەمپ كە پێگەی خۆی لەنێو خەڵکدا بە بواری باشی ئابووری ئەمریكی بەهێزتر کردووە، هەوڵدەدات بەرامبەر هەموویان بوەستێت و لەبەرامبەردا، دیموكراتەكان و سەركردەكانی ئەوروپاش لە نێو قەیرانە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیەكەیان نقوم بوون و توانای داڕشتنی وەڵامێكی سیاسیان نییە کە هێزێک بۆ چەمكی دیموكراسیەت بگەڕێنێتەوە.
هەندێكیشیان دەترسن پێشینیەكەی بانون بێتەدی كە پێشبینیکردبوو، راپۆڕتەكەی مولەر ببێتە هۆی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بۆ خولێکی نوێی سەرۆكایەتی لە ساڵی 2020 بەرێژەیەكی زیاتر لە هەڵبژاردنەكەی 2016 هەروەها سەركەوتنی سەركردەی هاوشێوەی ترەمپ لە ژمارەیەك وڵاتی دیكە لە ئەوروپا و ئەمریكای لاتینی و ئاسیادا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ