رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەنیازە ئەو پەناخوازە نایاساییانەی کە دەستگیر دەکرێن، بیاننێرێتە زیندانی گوانتانامۆ بێی، کە پێشتر تایبەت بوو بە زیندانیکردنی تیرۆریستان.
رۆژی چوارشەممە 29-01-2025 کریستی نۆوم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، لەبارەی ناردنی پەناخوازە نایاساییە دەستگیرکراوەکان بۆ گوانتانامۆ گوتی: "خەریکین هەڵسەنگاندن بۆ ئەمە دەکەین و گفتوگۆی لەسەر دەکەین."
نۆوم بە میدیای وڵاتەکەی گوت، ئەم بڕیارە بە تەواوی دەکەوێتە سەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
خانمە وەزیرەکە گوتیشی: "ئەو زیندانە سەرچاوەیەکی ئێمەیە و بەردەوام دەبین لەوەی بزانین چۆن دەتوانین هەموو سەرچاوەکانمان بەکاربهێنین."
ترەمپ کە لە 20ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دەستبەکاربوو، رایگەیاند کاری سەرەکیی کابینەکەی کەمکردنەوەی کۆچ و پەناخوازانی نایاساییە.
دوای ئەوەی ئەمریکا دەستی بە دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازەکان بە فڕۆکەی سەربازیی کرد، کۆڵۆمبیا رەتیکردەوە رێگە بە نیشتنەوەی دوو فڕۆکەی ئەمریکی بدات کە پەناخوازی دیپۆرتکراوی هەڵگرتبوو. ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگی و راگرتنی ڤیزەی بەرپرسەکانی کرد. دواتر کۆڵۆمبیا رێگەی دا فڕۆکەکان بنیشنەوە.
زیندانی گوانتانامۆ لەدوای هێرشەکەی 11ـی ئەیلوولی 2001 کرایەوە و زۆربەی ئەوانەی لەو زیندانە دەستبەسەرکران لەلایەن ئەمریکاوە بە "تیرۆریست" دەستنیشانکرابوون. بەشێکیشیان لە چەند جەنگێک دەستگیرکرابوون و دادگایی نەکرابوون.
زیندانەکە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کوبا و سەردەمێک 800 زیندانیکراوی تێدابوو. بەگوێرەی دانپێدانانی چەند کەسێک کە پێشتر لەوێ دەستبەسەرکرابوون، هێزە ئەمنییە ئەمریکییەکان ئەشکەنجەی زیندانیکراوەکانیان داوە.
باراک ئۆباما و جۆ بایدن لە سەردەمی سەرۆکایەتیی خۆیان ئاماژەیان بە داخستنی زیندانەکە دا، بەڵام هەردووکیان بەبێ داخستنی زیندانەکە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیان تەواوکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ