پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئەڵمانیا بڕیاری دا کار لەگەڵ AFD بکات و شۆڵتز تووڕەیە

29-01-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی ئەڵمانیا لەسەر پرسی کۆچبەران بڕیاری دا، هاوئاهەنگی لەگەڵ پارتی AFD بکات؛ راوێژکاری ئەڵمانیاش دەڵێت، ئەمە هەڵەیەکە "لێبووردنی بۆ نییە."
 
فرێدریک مێرز، ئەندام پەرلەمانی ئەڵمانیا و سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکرات (CDU) کە پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنە، بڕیاری دا لەسەر پرسی رێگەگرتن لە کۆچبەران، کار لەگەڵ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AFD) بکات، کە پارتێکی راستڕۆ، تووندڕۆ، دژە موسڵمان و دژە کۆچبەرە. پارتی جێگرەوە تەنانەت پێشنیازی ئەوەی کردووە ئەڵمانیا لە یەکێتیی ئەورووپاش بچێتە دەرەوە.
 
ئەوەی بووە هۆی کاردانەوەی تووند، پارتە سیاسییە گەورەکانی ئەڵمانیا بڕیاریاندا بوو کار لەگەڵ پارتی جێگرەوە نەکەن. 
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە پارتی سۆشیاڵ دیموکرات (SPD) کە پارتێکی چەپی میانڕۆیە، گوتی: "لەوکاتەوەی ئەڵمانیا 75 ساڵ لەمەوبەر دامەزرا، هەموو دیموکراتەکان رێککەوتن لەسەر ئەوەی لەگەڵ راستڕۆ تووندڕۆکانی نێو پەرلەمان کار نەکەن. ئەمڕۆ ئۆپۆزیسیۆن کۆتایی بەم رێککەوتنەکە هێنا."
 
شۆڵتز وەکو پشتگیرییەک بۆ پەناخوازەکان گوتی: "داواکردنی مافی پەنابەرێتی بەشێکی سەرەکیی سیستمی یاسایی و بەهاکانی ئێمەیە، نابێت تێکی بدەین."
 
شۆڵتز ئەو جووڵەیەی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکەی بە "هەڵەیەک کە لێبووردنی بۆ نییە" وەسفکرد.
 
لە وەڵامی شۆڵتز، مێرز گوتی، لە ئەڵمانیا چەندین هێرشی خوێناوی [لەلایەن پەناخوازانەوە] روویاندا، "دەبێت چی دیکە رووبدات؟ چەند منداڵێکە ببنە قوربانی بۆ ئەوەی ئێوە بڕواتان بەوە بێت کە بەڵێ هەڕەشە لەسەر سەلامەتیی گشتیدا هەیە؟"
 
رۆژی 23-02-2025، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و کەسێکی دیکەش دەبێتە جێگرەوەی شۆڵتز.
 
هەفتەی رابردوو، لە پارکێکی ئەڵمانیا دوو کەس، کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن دوو ساڵەی مەغریبی بوو، بە چەقۆ کوژران. پۆلیسی ئەڵمانیا، پیاوێکی ئەفغانستانیی 28 ساڵیان بە تۆمەتی ئەو هێرشە دەستگیرکرد. لە هێرشەکە سێ کەسیش برینداربوون، یەکێکیان منداڵێکی تەمەن دوو ساڵەی سووریایی بوو.
 
مانگی کانوونی یەکەمی 2024ـیش، پیاوێکی سعودی بە ئۆتۆمبێل خۆی بە نێو بازاڕێکی تایبەت بە کریسمسدا کرد و کەسێکی کوشت.
 
پارتی کریستیان دیموکرات کە زیاتر بە هاوپەیمانێتیی CDU/CSU دەناسرێت، لە راپرسییەکاندا لە پێش پارتەکەی شۆڵتزەوە دێن. هاوپەیمانێتییەکە بڕیاریداوە، ئیدی کار لەسەر کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی بکەن و باشتر جڵەوی سنووری وڵاتەکە بگرن.
 
مێرز لەسەر ئەو پرسە گوتی، بە پشتگیریی پارتی جێگرەوەی راستڕۆ، دوو پڕۆژەیاسا دەبەنە نێو پەرلەمانی ئەڵمانیا.
 
پارتی سۆشیاڵ دیموکرات و سەوزەکانیش هۆشداریی ئەوەیان داوە، ئەو جووڵەیەی کریستیان دیموکرات دەکرێت ببێتە هۆی شکانی ئەو تەلبەندەی لە دژی پارتی جێگرەوە دروستیانکردبوو.
 
شۆڵتز داوای لە مێرز کرد: "پشتگیریی لە کەسانێک مەکە و قبووڵ مەکە کە شەڕی دیموکراسیمان دەکەن، رقیان لە یەکگرتوویی ئەورووپایە و ساڵانێکە کەشوهەوای وڵاتەکەمان ژەهراوی دەکەن."
 
مێرز لە وەڵامدا گوتی، دۆخەکە بە جۆرێک تێکچووە و خراپە، کە ناچارن هەموو شتێک بکەن. مێزز بە پەرلەمانی گوت: "بێگومان چەپڵەلێدان و ئاهەنگگێڕانی پەرلەمانتارەکانی AFD ناخۆش دەبێت و بەرگەی ناگیرێت، بەڵام بڕیارێکی دروست نابێتە بڕیارێکی هەڵە تەنیا لەبەر ئەوەی کەسە هەڵەکان هاوڕان لەسەری، بەڵکو هەر بە دروستی دەمێنێتەوە."
 
لەژێر سەرکردایەتیی ئەنجێلا مێرکڵ، راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا لە پارتی CDU) زیاتر لە یەک ملیۆن کۆچبەری سووریایی و ئەفغانستانی روویان لە ئەڵمانیا کرد و ئەوکات مێرز دژی وەستایەوە. لەگەڵ دەستپێکی جەنگی ئۆکرایناش لە 2022، زیاتر لە ملیۆنێک ئۆکراینی چوونەتە ئەڵمانیا.
 
مێرز بەڵێنیداوە، ئەگەر ببێتە راوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا، سنوورەکانی وڵاتەکە دادەخات و لە یەکەم رۆژەوە دەداتە دەست پۆلیس.
 
دوایین راپرسی دەریدەخات، پارتی سۆشیاڵ دیموکرات 15٪، هاوپەیمانێتیی کریستیان دیموکرات 29٪، سەوزەکان 13٪، پارتی دیموکراتی ئازاد 3٪، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 23٪ و پارتی چەپ 5٪ دەهێنێت.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە