میسر: نابینە بەشێک لە ئاوارەکردنی خەڵکی غەززە

29-01-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی میسر دەڵێت، "ئاوارەکردنی زۆرەملێی غەززەییەکان نادادپەروەرانەیە و نابینە بەشێک لێی،" ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا باسی لە پلانێک کرد، کە دانیشتووانی غەززە بەرەو ئوردن و میسر رابگوازرێن.
 
رۆژی چوارشەممە 29-01-2025، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە قاهیرە گوتی: "هەڵوێستە مێژوویی و جێگیرەکەی میسر بۆ دۆزی فەلەستین سازشی لەسەر ناکرێت."
 
سیسی گوتی، میسر پشتگیریی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی و پاراستنی توانا، خەڵک و خاکەکەی دەکات. میسر ویستوویەتی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کار لەسەر "بەدەستهێنانی چارەسەری دوو دەوڵەتی بکات، کە خۆی دەیەوێت. ئێمە پێمانوایە سەرۆک ترەمپ دەتوانێت ئەو ئامانجە بەدەستبهێنێت."
 
دوای ئەوەی ئاگربەستی غەززە لە 19ـی ئەم مانگە دەستیپێکرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باسی پلانێکی کرد کە غەززەییەکان بەرەو شوێنی "سەلامەتتر" بگوازرێنەوە، لەوانەش ئوردن و میسر. ئەو هەروەها باسی "پاککردنەوەی غەززە"ـی کرد.
 
رۆژی دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی ترەمپ لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و لەبارەی چارەنووسی دانیشتووانی کەرتی غەززە، رایگەیاندووە: "حەز دەکەم ئەوان لە ناوچەیەک بژین، بێ ئەوەی رووبەڕووی شەڕ و ئاژاوە و شۆڕش ببنەوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها دەڵێت: "تەماشای کەرتی غەززە بکە، چەندین ساڵە بووەتە دۆزەخ و هەمیشە شەڕوئاژاوەی تێدا بووە. رەنگە باشتر بێت خەڵکەکەی ببەیتە شوێنێک کە سەلامەتتر و ئارامتر بێت."
 
ترەمپ بۆ ئەو پێشنیازە لەگەڵ شای ئوردن و سەرۆکی میسر قسەی کردووە. ترەمپ گوتی، "وەڵامی ئەو [سیسی]، ئەوە بوو کە دەیەوێت ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرقەرار بێت. منیش حەز دەکەم ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرقەرار بێت."
 
 ترەمپ راشیگەیاند سەرکردەکانی میسر و ئوردن "ئەو کارە دەکەن".  گوتیشی، "منیش حەز دەکەم، هیواخوازم ئەو [سیسی] هەندێک خەڵک وەربگرێت. ئێمە هاوکاری زۆرمان کردوون، دڵنیام ئەویش هاوکارییمان دەکات، ئەو دۆستی منە و لە ناوچەیەکی دژواردایە، بەڵام پێموابێت ئەو دەیکات و پێموابێت شای ئوردنیش دەیکات".
 
لەدوای راگەیاندنی ئەو پلانەی بۆ رۆژنامەڤانان لە رۆژی شەممە، 26ـی کانوونی دووەم، هەریەکە لە سەرکردایەتیی میسر و ئوردن بە تووندی پێشنیازەکەی ترەمپیان رەتکردەوە و رایانگەیاند، دەبێت فەلەستینییەکان لە غەززە بمێننەوە. 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە