رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەستەوارەیەکی پێشکێش بە هەموو فەرمانبەرە فیدراڵییەکانی ئەمریکا کردووە، دەڵێت هەر کەسێک دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە، 8 مووچە وەردەگرێت. ئەمە هەوڵێکی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەران و بارسووککردنی بودجە.
بەگوێرەی ئیمەیڵێکی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە لە رۆژی سێشەممە 28-01-2025 بۆ هەموو وەزارەت و فەرمانگە فیدراڵییەکانی ئەمریکا نێردراوە؛ هەموو فەرمانبەرەکان پێویستە تاوەکو 06-02-2025 بڕیار بدەن؛ ئەو دەستەوارەیە قبووڵ دەکەن یان نا. ئیدارەی ترەمپ ناوی لە پرۆگرامەکە ناوە "دەستلەکارکێشانەوەی دواخراو."
ئیمەیڵەکە لەلایەن نووسینگەی بەڕێوەبردنی فەرمانبەران (OPM)ـەوە نێردراوە، کە بەشی سەرچاوە مرۆییەکانی ئیدارەی ترەمپە، ئاماژەی بەوە داوە ئەگەر تاوەکو 06ـی مانگی داهاتوو بڕیار بدەن، فەرمانبەرەکان تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2025 ناچنە سەر کار و مووچەکانی خۆشیان وەردەگرن.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کە لە 20ـی ئەم مانگە دەستبەکاربووە، پێشبینیی دەکات نزیکەی 10٪ـی تەواوی فەرمانبەرە حکومییەکان، بەو داواکارییە رازی ببن و دەستلەکار بکێشنەوە، کە ئەمەش دەکاتە زیاتر لە 200 هەزار فەرمانبەر.
چەند بەرپرسێکی حکومیی ئیدارەکەی ترەمپیش مەزەندە دەکەن، ئەو جووڵەیەی ئیدارەکە، 100 ملیار دۆلار بۆ گەنجینەی حکومەت دەگەڕێنێتەوە.
نووسینگەی OPM رایگەیاندووە، ئەو دەستەوارەیە بۆ ئەو فەرمانبەرانەیە کە هەفتانە، پێنج رۆژ لە فەرمانگە و وەزارەتەکان کاردەکەن.
ئەو دەستەوارەیە چەند بەشێک ناگرێتەوە لەوانەش: ئەوانەی کاری پۆستە دەکەن، سوپا، بەرپرسانی بەشی کۆچبەران و پەناخوازان، هەروەها چەند تیمێکی ئاسایشی نیشتمانی.
لە ئیمەیڵەکە دا داواکراوە، هەرکەسێک رازییە بە وشەی (دەستلەکارکێشانەوە - Resign) وەڵامی ئیمەیڵەکە بداتەوە و ئیدی لە 30-09-2025 کۆتایی بە خزمەت و ئەرکەکەی دێت.
کۆشکی سپی ئەو دەستپێشخەرییەی ئیدارەی ترەمپی بە "زۆر بەخشندە" ناوبرد.
لەبارەی ئەو کەسانەی دەستلەکار ناکێشنەوە و دەیانەوێت لە کارەکانی خۆیان دا بمێننەوە، ئیدارەی ترەمپ هۆشداریی ئەوەی داوە ئەوان هیچ گەرەنتیی ئەوە ناکەن کارەکانیان هەر پارێزراو بێت، بەڵام دڵنیایی ئەوەیان داوە ئەگەر هەر کەسێک کارەکەی لەدەست بدات، "بە شکۆوە مامەڵەی لەگەڵ دا دەکرێت." ئەمە وەک نیشانەیەکە کە حکومەت پلانی داناوە ژمارەی فەرمانبەرەکان کەمبکاتەوە.
ستێفن میڵەر، جێگری بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی رایگەیاند "زۆربەی فەرمانبەرە حکومییەکان لەڕووی سیاسییەوە بەلای چەپدا دەشکێنەوە، پێویستە دۆناڵد ترەمپ جڵەوی حکومەت بگرێتەدەست."
سەندیکای فیدراسیۆنی فەرمانبەرانی حکومیی ئەمریکا (AFGE) رەخنەی لەو پلانە گرت و رایگەیاند، ئەو هەڵمەتی "پاککردنەوەیە" لێکەوتی زۆر خراپی دەبێت و خزمەتگوزاریی پێویستی حکومی بۆ ئەمریکییەکان پەکدەخات.
تیم کەین، سیناتۆری پارتی دیموکرات داوای لە فەرمانبەران کرد متمانە بە ترەمپی کۆماری نەکەن و گوتی "ئەگەر ئەو دەستەوارەیە قبووڵ بکەن و دەستلەکاربکێشنەوە، ئەوە [دۆناڵد ترەمپ] فێڵتان لێدەکات، هەروەک چۆن فێڵی لە بەڵێندەرەکان کرد، ئەو هیچ دەسەڵاتێکی نییە بۆ ئەوەی ئەو شتە بکات، هەڵنەخەڵەتێن."
دۆناڵد ترەمپی 78 ساڵ کە ئەمە دووەم جارە دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا، لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن و راکێشانی دەنگی ئەمریکییەکان بۆخۆی، چەند جارێک دووپاتی کردەوە کە کار لەسەر بچووککردنەوەی قەبارەی حکومەت دەکات و خەرجییەکانیش کەم دەکاتەوە.
ترەمپ وەزارەتێکی نوێی بەناوی (کارامەیی حکومەت - DODGE) داناوە و ئیلۆن مەسک، گەورە ملیاردێری ناسراوی ئەمریکا، ئەرکی بەڕێوەبردنی وەزارەتەکەی پێسپێردراوە. کاری وەزارەتەکە بریتییە لە کەمکردنەوەی خەرجی و کارە فیدراڵییەکانی ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ