دیپ سیکی چینی بۆرسەی ناسداکی داڕماند

29-01-2025
دیپ سیک، ژیرییەکی دەستکردی نوێی چینییە.
دیپ سیک، ژیرییەکی دەستکردی نوێی چینییە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دیپ سیک بە تێچوویەکی کەمتر رکابەری لەگەڵ ئەپی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکات و بەهای بۆرسەی ناسداکی یەک تریلیۆن دۆلار دابەزاند.
 
چەندین ساڵە پێشکەوتنەکانی بواری ژیریی دەستکرد، ملیاران دۆلار قازانجی بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری تەکنەلۆژیا دەستەبەرکردووە.
 
هەندێ لەو کۆمپانیایانە وەک کۆمپانیای (ئێن ڤیدیا)ـی ئەمریکی بەهاکەی لە 150 ملیار دۆلاری ساڵی 2020ـەوە، بەرزبووەتەوە بۆ سێ تریلیۆن دۆلار لە ئەم ساڵدا.
 
ئێستا کۆمپانیایەکی چینی ئەپێکی دامەزراندووە بە ناوی (دیپ سیک) کە بە تێچوویەکی کەم، توانای رکابەری لەگەڵ ئەپ و بەرنامەکانی ژیریی دەستکردی کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەیە.
 
کارستن جانگ، شارەزای تەکنەلۆژیا دەڵێت، "ژیریی دەستکرد هەرزانتر بووە. باشتریش بووە. بەردەوام لەو بارەشەوە پێشکەوتن هەیە. هەرچەندە خەڵک وایاندەزانی پێشکەوتنەکانی ژیریی دەستکرد لە 2024 دەوەستێت، بەڵام پێشکەوتنەکان خێراتر بوون و ئێستا لە شوێنێک وەستاوین کە ئامراز و ئەپی جیاواز و بەرفراوانتری ژیریی دەستکرد لەبەردەستە".
 
نیگەرانی لە پێشکەوتنەکانی خێرایی چین لە بواری ژیریی دەستکرد و چیپی ئەلیکترۆنی بازاڕەکانی ئەمریکای هەژاند.
 
بەهای پشکەکانی کۆمپانیای (ئێن ڤیدیا) کە چیپە ئەلیکترۆنییەکانی بووەتە بزوێنەری داهێنان لە بواری ژیریی دەستکرد، 17٪ دابەزی و بەو پێیەش 600 ملیار دۆلار لە بەهای خۆی لەدەستدا.
 
فیونا سینکۆتا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای (سیتی) ئاماژە بەوە دەکات، "خەڵک ئامادە نەبوون بۆ بیستنی ئەو پێشکەوتنە خێرایە. بەڕای من ئەوە هۆکاری شەپۆلی فرۆشی پشکی کۆمپانیاکان بوو. (ئێن ڤیدیا) خراپترین رۆژی لە مێژووی خۆیدا بەڕێ کرد. هەروەها بینیمان چۆن پێنوێنی ناسداک داڕما".
 
جگە لە کۆمپانیای ئێن ڤیدیا، بەهای پشکی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی دیکەی بواری بەرهەمهێنانی چیپ وەک کۆمپانیای (برۆدکۆم) 17.4٪ دابەزی.
 
دابەزینی بەهای کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان بە چەشنێک بەرچاو بوو کە بەهای بۆرسەی ناسداک کە پشکی کۆمپانیاکانی ئەمریکا لەوێ مامەڵەیان پێوەدەکرێت، 3.1٪ واتا بە بڕی 1 تریلیۆن دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە