ئەمریکا و بەریتانیا تۆڕێکی ئێرانی دەخەنە لیستی سزاکانیان

29-01-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەردوو حکومەتی ئەمریکا و بەریتانیا سزای نوێیان بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەمجارە تۆڕێکی ئێرانیان کردووەتە ئامانجی سزاکەیان، کە تۆمەتبارن بەوەی لەسەر راسپاردەی تاران، هەوڵی کوشتنی کەسانی ئۆپۆزیسیۆن و رەخنەگرانی دەسەڵاتی ئێران دەدەن.
 
رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی بەریتانیا، سزایان بەسەر ژمارەیەک ئێرانیدا سەپاندووە کە وەکو تۆڕێک کاریان کردووە و لەسەر راسپاردەی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانی، چالاکڤانانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.
 
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، ئەو تۆڕە ئێرانییە لەلایەن ناجی ئیبراهیم شەریفی – زیندەشتی، سەرپەرشتی دەکرێت و چەندین کاری کوشتن و رفاندنیان کردووە، بەمەبەستی بێدەنگکردنی رەخنەگران و کەسانی بەرهەڵستکاری دەسەڵاتی ئێران. 
 
بێجگە لە زیندەشتی، ئەمریکا سزای بەسەر کۆمەڵێک لە ئەندامانی ئەو تۆڕەدا سەپاندووە بە ناوەکانی رەزا حەمیدی راوەری، نیهاد عەبدولقادر ئاسان، ئەکرەم عەبدولکەریم ئوستونج لەگەڵ شەهرام عەلی رەزا تەمەرزادە زەڤیهە جەکی کە هەندێک لەوانە کارمەندی وەزارەتی ئیتڵاعاتن. 
 
لەبارەی سزاکانی بەریتانیاوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، لەندەن کەسێکی ئێرانی بە ناوی محەممەد رەزا ئەنساری سزاداوە، کە پێشتر لەلایەن ئەمریکاشەوە سزا دراوە. ئەمریکا دەڵێت، ئەنساری بەوە تۆمەتبارە هەوڵی کوشتن و رفاندنی کەسانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی ئێران داوە. 
 
هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەو تۆڕە ئێرانییە لەنێو ئەمریکاش ئۆپەراسیۆنی کردووە.
 
لەبارەی سزا نوێیەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، بڕایان نیلسن، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆر و دارایی هەواڵگری، دەڵێت، "رژێمی ئێران بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ بە ئامانجکردنی کەسان و چالاکڤانی دژبەرانی رژێمەکە بکاتە ئامانج، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانی ئێران تاوەکو سەرکوتکارییە نێوخۆییەکانی بۆ ئاستی نێودەوڵەتی بگوازێتەوە". 
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گوتی، "ئەمریکا شان بە شانی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی لەنێویان بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی رژێمی ئێران بۆ گواستنەوەی هەوڵە سەرکوتکارییەکانی و هەموو ئامرازێکی بەردەست دەگرێتەبەر بۆ راگرتنی ئەو هەڕەشەیە لەسەر خاکی ئەمریکا".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لەماوەی رابردوودا، ژمارەیەک لە دژبەران و چالاکڤان و بەرپرسانی پێشووی ئێرانی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەمریکا کراونەتە ئامانج، ئەویش لە رێگەی هەوڵی کوشتن، رفاندن و هاککردن. 
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەندێک لە نموونەی هەوڵی ئەو تۆڕەی بڵاوکردووەتەوە لەوانە رفاندنی چالاکڤانی ئێرانی – ئەڵمانی، جەمشید شارمەهد کە لە تەمموزی 2020 لە دوبەی رفێندرا و گەڕێندرایەوە بۆ ئێران و لەوێش سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
 
هەروەها کوشتنی چالاکڤانی ئەهوازی و هەڵگری وڵاتینامەی هۆڵەندی ئەحمەد مەلا نیسی لە لاهای لە ساڵی 2017. لەگەڵ رفاندنی رۆحوڵڵا زەم، رۆژنامەڤان لە عێراق لە ئۆکتۆبەری 2019، کە لە 12ی کانوونی دووەمی 2020 لەئێران لەسێدارەدرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەلبانیا دەڵێت، تیکتۆک دەبێتە هۆی تووندوتیژی لە وڵاتەکەی. وێنە: Reuters

حکومەتی ئەلبانیا بۆ ماوەی ساڵێک تیکتۆک رادەگرێت

سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا رایگەیاند، بەهۆی بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و هەراسانکاری، بۆ ماوەی ساڵێک خزمەتگوزارییەکانی تیکتۆک رادەگرن. دەشڵێت، کۆمپانیاکە جیاوازی لەو بابەتانە دەکات کە پێشانی منداڵانی وڵاتەکەی لەگەڵ منداڵانی چینی دەدات.