جۆن کێربی: کەتائیبی حیزبوڵڵا ئەنجامدەری هێرشەکەی سەر هێزەکانمانە لە ئوردن
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی دەڵێت، جۆ بایدن، سەرۆک و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بژارانە دەکات کە خراونەتە بەردەمی وەک وەڵامێک بۆ هێرشی سەر بنکە سەربازییەکەیان لە ئوردن.
رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی دووەمی 2024، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە کەناڵی msnbcـی وڵاتەکەی گوت، "ئێمە دەزانین ئێران چەک و زانیاری بۆ گرووپە نزیکەکانی دابین دەکات. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانمان، کەتائیبی حیزبوڵڵا لەپشت هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەوە بووە".
لەبارەی ئەگەری وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە، جۆن کێربی باسی لەوەکرد، "هیچ گومان لەوەدا نییە وەڵاممان دەبێت، بەڵام وەڵامەکە لە کاتێکدا دەبێت خۆمان بە گونجاوی بزانین".
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، خەڵکی ئەمریکا لە بەردەوامی ئەو هێرشانە نیگەرانن دەکرێنە سەر بنکە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق و سووریا، "دەبێت هەموو هەنگاوێک بۆ پاراستنی هێزەکانمان بنێین".
بەگوێرەی پێنتاگۆن، لە 17-10-2023ەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، نزیکەی 160 جار هێزەکانی ئەمریکایان لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج.
هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە جیاواز بوو، چونکە بووە هۆی کوشتنی سێ سەرباز و برینداربوونی 34ی دیکە. کێربی گوتی، "هێرشەکە لە رێگەی یەک درۆنەوە بووە و هەندێک لە سەربازە بریندارەکانیشمان دۆخیان جێگیر نییە".
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، لەکاتی هێرشەکەدا زۆربەی سەربازەکانیان لە خەودا بوون.