کۆشکی سپی تاوتوێی وەڵامدانەوەی ئێران دەکات و هێرشی راستەوخۆ یەکێکە لە بژاردەکان

29-01-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسانی ئەمریکی رایانگەیاندووە، ئیدارەی بایدن سەرقاڵی تاوتوێکردنی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئوردن دەکەن و لەوانەش هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر ئێران، لەگەڵ بە ئامانجکردنی گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق و سووریا.
 
رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی دووەمی 2024، چەند بەرپرسێکی ئەمریکی کە ناویان ئاشکرا نەکردووە بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکیان راگەیاندووە، ئەمریکا سەرقاڵی ئەوەیە بەچ شێوازێک وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە، کە کرایە سەر بنکەیەکی سەربازانی ئەمریکا لە ئوردن و کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی 34ی دیکەی لێکەوتەوە.
 
بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکا بژاردەکانی بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی بە سەرۆکایەتی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، بریتییە لەوەی راستەوخۆ ئێران بکەنە ئامانج، بەڵام ئەو بژارەیە زەحمەتە، سەرەڕای گوشارەکان لەلایەن ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمریکی.
 
هەروەها رۆژنامەکە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، بژاردەکانی دیکەی بەردەم ئیدارەی بایدن کە ئەگەری زیاترە، بریتییە لە بە ئامانجگرتنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا. 
 
لەلایەکی دیکەوە ئەو رۆژنامەیە، وردەکاری هێرشەکەی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەی سەر بنکەی تاوەری 22 لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن و لەسەر سنووری هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا، بڵاوکردووەتەوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمریکی، هێرشەکە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەکاتی هێرشەکەدا، بێجگە لەو درۆنەی هێرشەکەی پێکراوە، درۆنێکی ئەمریکی دیکە لە دەوروبەری بنکەکە بووە، بۆیە سەربازانی ئەمریکی لێیانتێکچووە و وایانزانیووە درۆنە ئەمریکییەکەیە و ئامادەکارییان بۆ بەرگری یاخود تێکشکانی نەکردووە. 
 
بایدن هێرشەکەی ئوردنی خستە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران. رۆژی دووشەممەش، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، رایگەیاند بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانیان، کەتایبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی لەپشت ئەو هێرشەوە بوون و بەرپرسانی ئەمریکاش رایانگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەکیان نییە ئێران راستەوخۆ هێرشەکەی کردبێت. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا- پێنتاگۆن، لە 17ی تشرینی یەکەمی 2023وە لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، 165 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا،  66 جار لە عێراق و 99 جاریش لە سووریا. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا