گالەری

29-01-2024
36 Photos
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
رووداو دیجیتاڵ
 
کتێبخانەی نشتیمانیی چین 41 ملیۆن پەرتووک، نووسراو و بەڵگەنامە بە 123 زمانی دنیا لەخۆدەگرێت. من لێرە گەڕانم بۆ وشەی کورد یان کوردستان و مێژووی کورد ئەنجامدا، بە زمانی چینی زیاتر لە 100 پەرتووکیان لەبارەوە هەبوون. هەروەها بە زمانی ئینگلیزی زیاتر لە 60 پەرتووک لەبارەی کورد و مێژووی کورد و سیاسەتی کورد لەم کتێبخانە زەبەلاحە چینییەدا بەردەستن.
 
ئەم کتێبخانەیە یەکێک لە کۆنترین و گەورەترین کتێبخانەکانی جیهانە.
 
کتێبخانەی نیشتمانیی چین کە ساڵی 1909 بە کۆکردنەوەی هەزاران کتێبی نایابی کتێبخانەی پاشایەتی دامەزرا و بە 41 ملیۆن کتێب بووەتە گەورەترین ناوەندی کۆکردنەوەی کتێبە مێژوویی و بەڵگەنامە فەرمییەکانی وڵاتی چین، رۆژانە زیاتر لە پێنج هەزار سەردانیکاری هەیە.
 
کتێبخانەکە لە 22 نهۆم و چەندین باڵەخانەی پێکبەستراو لەسەر رووبەری 280 هەزار مەتری چوارگۆشە لە ناوچەی "هایدیان"ـی پەکین دروستکراوە. 38 هۆڵی خوێندنەوە و دوو هۆڵی ئەلیکترۆنی لەخۆدەگرێت. داتا دیجیتاڵییەکانی زیاتر لە 78 ملیۆن لاپەڕە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کتێبە چاپکراوەکان خوێنەری زۆریان هەیە.
 
دیزاینی کتێبخانەکە بە ئاوێتەکردنی ئەندازیاری بیناسازی مودێرن و کلاسیکی تەلارسازی چینی و رۆژئاوایی و تەرخانکردنی 56 دۆنم سەوزایی هەلێکی ناوازەی بۆ خوێنەرانی خولقاندووە.
 
35 هەزار دەستنووسی سەر پشتی کیسەڵ، 300 هەزار دەستنووسی سەردەمی پاشایەتی سۆنگ، ملیۆنێک و 640 هەزار کتێبی مێژوویی، نۆ ملیۆن کتێب بە زمانی بیانی، 400 هەزار کتێبی منداڵان و هەزاران تایبەتمەندی دیکە وایکردووە بگوترێت، کتێبخانەکە هەر لە شیری چۆلەکەوە تاوەکو شاخی ماری تێدا دەستدەکەوێت.