نەدیم زەهاوی لە پۆستی سەرۆکایەتیی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا دووردەخرێتەوە

29-01-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی خۆدزینەوە لە پێدانی باج بە حکومەت، نەدیم زەهاوی، وەزیرە کوردەکەی بەریتانیا، لە پۆستی سەرۆکایەتیی پارتی پارێزگاران دوورخرایەوە. 
 
نەدیم زەهاوی، بە رەچەڵەک کوردی فەیلی، پێشتر لە پۆستەکانی وەزیری دەوڵەت بۆ پەروەردە، وەزیری دارایی، وەزیری یەکسانییەکان، وەزیری پەیوەندییە نێوخۆییەکان و راوێژکاری دووقنشینی لانکاستەر خزمەتی کردووە. 
 
دوایین پۆستی حکومیی زەهاوی، وەزیری بێ وەزارەت بوو، کە پۆستێکە بە سەرۆکی پارتی فەرمانڕەوای بەریتانیا دەدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە کۆبوونەوەکانی حکومەتدا بەشدار بێت. 
 
سیاسەتڤانە کوردەکە بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە باج، لە لایەن ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بڕیاری لەکارلادانی بۆ دەرکراوە. ئەوەش دوای ئەوەی کە راوێژکارەکەی پێیڕاگەیاند، کە زەهاوی بە شاردنەوەی داهات و سامانەکەی، "ئاکاری ویزاریی" پێشێڵکردووە. 
 
سووناک؛ لۆری ماگنوس، راوێژکاری تایبەت بە ئاکار و رەفتاری کابینەی حکومەتی راسپاردبوو کە لێکۆڵینەوە لە باجەکانی زەهاوی بکات، دوای ئەوەی کە رۆژی دووشەممەی رابردوو بڵاوکرایەوە، سیاسەتڤانە کوردە بەریتانییەکە 5 ملیۆن پاوەندی بە فەرمانگەی داهات و گومرکی شاهانەی بەریتانیا دابوو. 
 
ئەمڕۆ، یەکشەممە، 29-01-2023، نامەیەکی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کە بۆ زەهاوی نێردراوە، لە لایەن داونینگ ستریتەوە بڵاوکرایەوە.
 
سووناک بە زەهاویی راگەیاندووە: "دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی راوێژکار، کە ئەنجامەکانی لەگەڵ ئێمە هاوبەش کراون، ئێستا روون بووەتەوە کە پێشێڵکاریێکی زەقی ئاکاری ویزاری کراوە. لە ئەنجامدا، لە بڕیارەکەم ئاگادارتان دەکەمەوە کە من ئێوەم لە پۆستەکەتان لە نێو حکومەتی خاوەنشکۆدا لاداوە."
 
سووناک هاوکات بە وەزیرە لە کارلادراوەکەی گوتووە، پێویستە "زۆر شانازی" بەو دەستکەوتانەوەی بکات کە لە پێنج ساڵی رابردوو بەدەستیهێنان، لە نێویشیاندا سەرپەرشتیکردنی پرۆگرامی دابەشکردنی ڤاکسین. 
 
نەدیم زەهاوی بە نامەیەک سوپاسی ئەم قسانەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای کرد.
 
زەهاوی کە پێداگری لەسەر بێتاوانبوونی خۆی دەکات، بەڵێنی دا وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی حکومەتەکەی ریشی سووناک.
 
بەڵام لە نامەکەیدا بۆ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، زەهاوی باسی لەوە کردووە، لە "رەفتاری ئەم چەند هەفتەیەی بەشێکی دەسەڵاتی چوارەم (واتە میدیا)،" نیگەرانە. 
 
زەهاوی هەروەها نووسیویەتی، "لە چەوساندنەوە رامکرد و هاتمە ئەم وڵاتە کە هیچ ئینگلیزیم نەدەزانی. لێرە، بازرگانییەکی سەرکەوتووم بونیادنا و لە بەشێک لە پۆستە هەرە باڵاکانی حکومەتدا خزمەتم کرد. پێموایە لە هیچ وڵاتێکی دیکەی سەر زەوی، چیرۆکەکەم بەم شێوەیە نەدەبوو. ئەمە بڕوای من بە مەزنایەتی و سۆزی وڵاتەکەمان دووپاتدەکاتەوە."
 
زەهاوی هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، شانازی بە دوو دەستکەوتەوە دەکات، "یەکەم، دابەشکردنی ڤاکسین،" ئەو دەڵێت، "ئەم کارە ژیانی ژمارەیەکی گەورەی خەڵکی پاراست." دووەمیشیان، "ئەو رۆڵە بوو کە لە کاتی ماتەمینیی خاوەنشکۆ شاژن ئێلیزابێزی دووەمدا بینیم. ئەو رۆژانە و بەرزڕاگرتنی ژیانە پڕ لە خزمەتەکەی، گوزارشتی لە باشترین رووەکانی وڵاتەکەمان کرد."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.