ترەمپ 21 مانگ بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستی بە بانگەشە کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەر لە 21 مانگ لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی 2024 بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا خۆی گەیاندە شاری بۆستنی ویلایەتی ماساچوسێتس و لە ئێستاوە دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن و ناردنی پەیام و درووشمی تووند بۆ رکابەرەکەی، جۆ بایدن کردووە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت، "هەڵبژاردنی 2024 دوایین هەلمانە بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان. پێویستمان بە سەرکردەیەکە کە لە رۆژی یەکەمدا ئەوە بکات."
 
ترەمپ پێیوایە، "لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا، نەتەوەکەمان لەلایەن دامەزراوەیەکی سیاسیی گەندەڵ و رادیکاڵەوە رووخێندرا. رێک بەو جۆرە. کەس نازانێت بۆچی. نازانم بۆچی ئەو کارانە دەکەن."
 
بانگەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە کاتێکدایە، هێشتا کۆمارییەکان بە فەرمی بەربژێری پارتەکەیان دیارینەکردووە.
 
پێش ئەوەی بگاتە رکابەرییە سەرەکییەکە، ترەمپ پێویستە بەربەستی ران دیسانتس، حاکمی فلۆریدا بشکێنێت، کە سەر بە کۆمارییەکانە و نیازی خۆبەربژێرکردنی هەیە.
 
بەگوێرەی راپرسییەک کە ماڵپەڕی یوگۆڤ کردوویەتی، ئەگەر ترەمپ بەربژێر بێت کۆمارییەکان 42%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن و جۆ بایدن  46%ی دەنگەکان دەباتەوە؛ بەڵام ئەگەر ران دیسانتس بەربژێر بێت، 43%ی دەنگەکان بۆ کۆمارییەکان دەبێت و جۆ بایدن و دیموکراتەکانیش 43%ی دەنگەکان بۆ خۆیان دەبەن.
 
بەڵام هێشتاش بەشێک لە کۆمارییەکان ترەمپ بە باشترین بژارەی خۆیان دادەنێن. جۆن پیتەرسۆن، لایەنگری کۆمارییەکان دەڵێت، "ران دیسانتسیشمان خۆشدەوێت، بەڵام هەستدەکەین هێشتا زۆر گەنجە. دەزانیت لە ساڵی 2018 ترەمپ زۆر هاوکاریی کرد کە ببێتە حاکمی فلۆریدا. جارێ ماویەتی، لەوانەیە لە ساڵی 2028 گونجاو بێت."
 
بڕیارە لە 15 بۆ 18ی حوزەیرانی 2024 کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکایەتیی پارتەکەیان لە شاری مڵواکی ویلایەتی ویسکانسن کۆنگرە بکەن.
 
دۆناڵد ترەمپ هەر لە ئێستاوە دەستیکردووە بە لۆبیکردن بۆ رازیکردنی کۆمارییەکان بۆئەوەی بەربژێری بکەن؛ بەڵام رێگەی خۆبەربژێرکردنەکەی بێ هەوراز و نشێو نییە، بەتایبەتی دوای ئەوەی چەند بەڵگەنامەیەکی نهێنی لە ماڵەکەی دۆزرانەوە، ئەمەش جگە لەوەی تۆمەتبار کرابوو بە هاندانی خەڵک بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێس.