کۆچبەرێکی عێراقی لە ئوسترالیا گیان لەدەستدەدات؛ گومان دەکرێت خۆی کوشتبێت

29-01-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
شوێنی رووداوەکە لە ئوسترالیا. وێنە: رووداو
شوێنی رووداوەکە لە ئوسترالیا. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆچبەرێکی عێراقی لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردنی کۆچبەران لە شاری سیدنیی ئوسترالیا گیانی لەدەستدا. بەرپرسانی ئوسترالیا دەڵێن، گومان دەکەن خۆی کوشتبێت.
 
ئیان رینتۆل، سیاسەتڤان و چالاکڤانی دیاری داکۆکیکردن لە مافی پەنابەران لە ئوسترالیا بە رووداوی راگەیاند، کۆچبەرەکە ناوی جەعفەرە، تەمەنی 28 ساڵە و خەڵکی رۆژئاوای عێراقە؛ لە ساڵی 2014وە گەیشتووەتە ئوسترالیا و ماوەی پێنج ساڵ بوو لە ناوەندەکەدا دەستبەسەر کرابوو.
 
سیاسەتڤانە ئوسترالییەکە رەخنە لە سیاسەتی حکومەتی وڵاتەکەی دەگرێت و دەڵێت، ئەو ناوەندەی کۆچبەرە عێراقییەکە تێیدا دەستبەسەر کرابوو، بووەتە "کارگەی خۆکوشتن."
 
بە گوتەی رینتۆل، هاووڵاتییە عێراقییەکە پێشتر ڤیزای پەنابەرێتیی وەرگرتبوو، بەڵام دواتر، بەهۆی سەرپێچییەکەوە زیندانی کرابوو و ڤیزاکەی لێ وەرگیرابووەوە. دوای تەواوکردنی ماوەی زیندانیکردنیشی، ئازاد نەکرابوو، بەڵکو گوێزرابووەوە بۆ ناوەندی ڤیلاوود کە تایبەتە بە دەستبەسەرکردنی کۆچبەران.
 
ئەو ڤیدیۆیانەی لە سەرەوە خراونەتەڕوو، لەلایەن ئیان رینتۆلەوە تایبەت بۆ رووداو نێردراون. لە یەکێک لە ڤیدیۆکاندا کە لە نێو ناوەندی ڤیلاوود تۆمار کراوە، کۆچبەرێک بە زمانی عەرەبی بە هاوڕێیەکی دەڵێت، "جەعفەر خۆی کوشتووە."
 
دیمەنەکان پێشانی دەدەن کە هێزێکی پۆلیس چووەتە نێو ناوەندەکە بۆ کەمکردنەوەی پشێوی و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.
 
وەزارەتی نێوخۆی ئوسترالیا، ئەمڕۆ یەکشەممە 29-01-2023 گیانلەدەستدانی هاووڵاتییە عێراقیەکەی لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی ڤیلاوود پشتڕاستکردەوە. گوتەبێژێکی وەزارەتەکە رایگەیاند، "وەزارەتی نێوخۆ و هێزی پاسەوانی سنووری ئوسترالیا سەرەخۆشی لە خێزان و هاوڕێکانی پیاوەکە دەکەن."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دامودەزگاکانی وڵات، لەنێویاندا دادپزیشکی، راسپێردراون لێکۆڵینەوە لە مردنی کۆچبەرە عێراقییەکە بکەن، لە کاتێکدا گومان دەکرێت بەهۆی نەخۆشیی دەروونییەوە خۆی کوشتبێت.
 
هاوکات ئیان رینتۆل، گوتەبێژی رێکخراوی هاوپەیمانیی کارکردن لەپێناو پەنابەران، کە تایبەتە بە داکۆکیکردن لە کۆچبەران، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ رووداو رەخنەی تووندی لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی ڤیلاوود گرت.
 
رینتۆل بە رووداوی گوت، "ناوەندی دەستبەسەرکردنی کۆچبەرانی ڤیلاوود تەنیا کارگەیەکی دروستکردنی نەخۆشیی دەروونی نییە، بەڵکو خەریکە دەبێتە کارگەیەکی خۆکوشتن."
 
ناوەندی ڤیلاوود لە شاری سیدنییە، بە گوتەی رینتۆل شوێنی 450 کەسی تێدا دەبێتەوە و لەم کاتەدا لە نێوان 250 تاوەکو 290 کۆچبەری تێدا دەستبەسەر کراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ساڵی 2019 تاوەکو ئێستا لانیکەم سێ کەس لە ناوەندی دەستبەسەرکردنەکە خۆیان کوشتووە، کە دووانیان لە ماوەی کەمتر لە 12 مانگی رابردوودا بووە."
 
گوتەبێژی رێکخراوی هاوپەیمانیی کارکردن لەپێناو پەنابەران گوتیشی، ئەم رێژەی خۆکوشتنە "لە ڤیلاوود بە شێوەیەکی یەکجار بەرزە، ئەگەر دامەزراوەیەکی باش با، ئەمەی لە چەند ساڵی رابردوودا روویداوە نەماندەبینی، چونکە لە خراپەوە خراپتر بووە و هەر شەش مانگ جارێک رووداوێکی خۆکوشتنی تێدا دروستبووە."
 
رینتۆل گوتیشی، "ئەمە تراژیدی نییە، ئەمە کارەساتە، بە جۆرێک کە دامەزراوەیەکت هەیە، کە زیندان نییە، بەڵکو گوایە دامەزراوەیەکی بەڕێوەبردنە، بەڵام ئەو خەڵکەی لە نێویدایە، دەمرێت. دەستبەسەرکردنەکە دەیانکوژێت."
 
بەگوێرەی میدیای ئوسترالی، رۆژی یەکشەمممە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادارکراونەتەوە، کۆچبەرە عێراقییەکە لە ژوورەکەیدا گیانی لەدەستداوە. دەگوترێت دوایینجار هاووڵاتییە عێراقییەکە بە زیندوویی بینرابێت، کاژێر 10:00ی شەوی شەممە بووە.
 
ئیان رینتۆل باسی لەوە کرد، هاووڵاتییە عێراقییەکە چەندین جار بەهۆی دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی لەگەڵ دەستگیرکراوانی دیکە، لە شوێنێکی ناوەندەکەوە گوێزراوەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە. شەوی شەممەش لەگەڵ زیندانییەکی دیکە بەشەڕ هاتبوون.
 
ئەو کۆچبەرانەی لە ئوسترالیا دەستگیر دەکرێن، چاودێریی تەندروستی، لە نێویشیاندا دەروونییان بۆ دابیندەکرێت. بەڵام ئاژانسەکە رەخنەی تووند لە زیندانەکانی دەستگیرکردنی کۆچبەران دەگرێت و بە "کارگەی خۆکوشتن" ناویان دەبات.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی نێوخۆی ئوسترالیا کە لە ماڵپەڕەکەی بڵاوکراونەتەوە، ژمارەی کۆچبەرە عێراقییەکان، بە یاسایی و نەیاساییەوە، لە کۆتایی ساڵی 2020ـدا لەو وڵاتە، 99 هەزار و 680 کەس بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساڵانە لە 10ی موحەڕەم زیارەتکارێکی زۆری شیعەمەزهەب لە سەرتاسەری جیهان سەردانی عێراق دەکەن و لە نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە، ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی و پاکستانی پشکی شێریان بەردەکەوێت.

دەرفەتی کار لە عێراق بۆ پاکستانییەکان زیاتر دەبێت

بەغدا و ئیسلام ئاباد بەنیازن یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن و رێکبکەون لەمەودوا دەرفەتی کاری زیاتر بۆ پاکستانییەکان لە عێراق بڕەخسێندرێت، ئەمەش وادەکات هاووڵاتییانی پاکستانی بە نایاسایی لە وڵاتەکە نەمێننەوە.