لە نیویۆرک خەڵاتەکانی گرامی دابەشکران

رووداو - هەولێر 

لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گرامیدا لە نیویۆرک، چەندین گۆرانیبێژی ناسراوی جیهانی گۆرانیان گوت، بەڵام ئەوەی زیاتر خەڵکی ناو هۆڵەکەی هێنایە چەپڵە و سەما، گۆرانییەکی رەیهانا و دەی جەی خالید و برایسن تیلەر بوو بە ناوی "وایڵد تۆتس"ـەوە. 


لەگەڵ دەستپێکردنی گۆرانیەکەدا، چەندین کەس لەسەر تەختی شانۆکە وەستان و دوای کەمێکیش لەگەڵ ریتمی گۆرانییەکە دەستیان بە سەما کرد و ئامادەبووانیش بە چەپڵەلێدان زیاتر هانی گۆرانیبێژ و سەماکارەکانیان دەدا. 

ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوو و ناوبەناویش ناوبڕەکان بە گۆرانی و سەما پڕ دەکرانەوە. 

یەکێک لە کەسە بەبەختەکانی ئەم رێوڕەسمە کریس ستاپڵتن، گۆرانیبێژ و گیتارژەنی ناسراوی ئەمریکی بوو. 

ستاپڵتن توانی سێ خەڵاتی گرنگ بباتەوە، ئەوانیش خەڵاتەکانی باشترین ئەلبوومی فۆلکلۆری، باشترین گۆرانی فۆلکلۆری و باشترین نمایشی تاکەکەسی فۆلکلۆری بوون. 

کریس ستاپڵتن، هونەرمەندی ئەمریکی دەڵێت "چرکەساتێکی خۆشە لەناو ئەم هەموو خەڵکەدام، شانازییەکی زۆر دەکەم، هەموومان هەوڵدەدەین باشترین گۆرانی بەرهەم بهێنین و پێموایە ئەم خەڵاتەش شایەتی ئەو شتە دەدات". 

خەڵاتەکانی گرامی ساڵانە لە ئەمریکا دابەشدەکرێن و ئامانج لێیان، خەڵاتکردنی ئەو هونەرمەندایە کە لە ماوەی ئەو ساڵەدا باشترین و جوانترین کاریان کردووە.
 
یەکەمین خەڵاتی گرامی لە ساڵی 1959 دابەشکرا و شەوی 29ـی مانگ لە نیویۆرک 60ـەمین خەڵاتەکانی گرامی دابەشکران. 

پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن