جیهان
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییانی رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە دەردەبڕێت.
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا بەهۆی رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئازەربایجان "داوای لێبووردنی" لە سەرۆکی ئەو وڵاتە کرد.
ئەمڕۆ (شەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2024) کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کریملین) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان بە تەلەفۆن قسەیان کرد. نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە باسکردنی ئەو فڕۆکەیە بوو، کە رۆژی 25ـی ئەم مانگە لە کازاخستان کەوتەخوارەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پووتین بە عەلیێڤی گوتووە، "فڕۆکەکە چەند جارێک هەوڵیدا لە گرۆزنی بنیشێتەوە، بەڵام لەو کاتەدا شارۆچکەکە و شارۆچکەکانی "مۆزدۆک و ڤلادیکاڤکاز لەژێر هێرشی درۆنەکانی ئۆکراینا دا بوون و سیستمی بەرگریی رووسیاش وەڵامی هێرشەکانی دەدایەوە".
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، "ڤلادیمیر پووتین داوای لێبووردنی لەسەر ئەو رووداوە کرد، هاوخەمیی خۆی بۆ کەسوکاری مردووان پیشاندا و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست."
سەرۆکی رووسیا دانی بەوەدا نەناوە کە فرۆکەکە لەلایەن ئەوانەوە خرابێتەخوارەوە.
هەروەها سەرۆکایەتیی ئازەربایجان راگەیێندراوێکی سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، عەلیێڤ "دووپاتیکردەوە کاتێک فرۆکەکەی هێڵی ئاسمانیی ئازەربایجان لە ئاسمانی رووسیا بووە، رووبەڕووی کاریگەریی تەکنیکیی دەرەکی بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵی فڕۆکەکە."
رۆژی 25ـی ئەم مانگە، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر لە نزیک شاری ئاکتاوی کازاخستان کەوتەخوارەوە. فڕۆکەکە لە شاری باکووی پایتەختی ئازەربایجانەوە بۆ شاری گرۆزنیی رووسیا دەچوو، بەڵام لە نیوەی رێگەکەدا رێڕەوی خۆی گۆڕی.
ئەو کات، سەرچاوەیەک لە حکومەتی ئازەربایجانەوە بە پێگەی یۆرۆنیوزی راگەیاند، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەریخستووە، لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشی درۆنیی ئۆکراینا بۆ سەر شاری گرۆزنی، مووشەکی رووسیی زەوی بە ئاسمان گیراوەتە فڕۆکەکە، کە لە نزیک فڕۆکەکە تەقیوەتەوە و ساچمەکانی بەر کەوتوون.
فڕۆکەکە لە جۆری ئێمبرەیر 190 بوو و 67 کەسی تێدا بوو، 38ـیان گیانیان لەدەستدا و ئەوانی دیکە بە برینداری رزگارکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ