شەپۆلێکی سەرما و بەفربارین ئەمریکای گرتووەتەوە و 60 کەس گیانیان لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ

لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری بەفڵۆی ویلایەتی نیویۆرک لە ئەمریکا؛ تیمەکانی فریاگوزاری بە ئۆتۆمبێلی گەورە و کەرەستەی تایبەت بەفری سەر شەقامەکان رادەماڵن. بەهۆی ئەو بەفر و سەرماوسۆڵەیەی ئەمریکای گرتووەتەوە، تاوەکو ئێستا 60 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا لە بەفڵۆ، زیاتر لە دوو مەتر و 50 سانتیمەتر بەفر باریوە و بەرپرسان دەڵێن، زیاتر لە 50 ساڵە بەفری لەم شێوەیە ئەمریکای نەگرتووەتەوە.
 
جۆ مێرگڵ، دانیشتووی بەفڵۆ دەڵێت، "لە ساڵی 1970ـەوە لە بەفڵۆم. لە رۆمانیاوە کۆچم بۆ ئێرە کرد. ئەمە زۆرترین بەفرە لە بەفڵۆی نیویۆرک بینیبێتم لەو کاتەوەی لێرەم. بۆ ماوەی 36 کاژێر بەفر باری، بەڵام هێشتا باشە دەکرا خراپتر بێت."
 
جگە لە نیویۆرک، بەفری زۆر 12 ویلایەتی دیکەی لە ئەمریکا گرتووەتەوە کە لە هەندێک ناوچە پلەی گەرمای بۆ نزیکەی 50 پلە ژێر سفر دابەزاندووە. تاوەکو ئێستا 60 هاووڵاتی بەهۆی سەرماوە گیانیان لە دەستداوە کە 30 کەسیان لە نیویۆرک بوون.
 
پۆلیس دەڵێت، لاشەی مردووەکانیان لە ئۆتۆمبێل و ماڵەکاندا دۆزیوەتەوە، بەشێکیشیان لە کاتی راماڵینی بەفردا یان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
 
مارک ئاگیلا، دانیشتوویەلی دیکە بەفڵۆ باس لەوە دەکات، "خەڵکێکی زۆر شۆفێرییان دەکرد، خەڵکێکی زۆر گوێیان بۆ قەدەخەی هاتووچۆ نەدەگرت، بۆیە ئۆتۆمبێلەکان پەکیانکەوت و بەشێک لە رێگەکان داخران، ئەوەش هاتنەماڵەوەی سەختتر کرد."
 
بەهۆی سەرماوە بەربەست لەبەردەم هاتووچۆی هاووڵاتییان دروستبووە و پۆلیس هۆشداری لەبارەی خلیسکی رێگەکان و شۆفێریکردنی هاووڵاتییانەوە دەدات. ئەمە جگە لەوەی بەربەست لەبەردەم گەشتی بەشێک لە هێڵە ئاسمانییەکان درووستبووە و تەنیا لە ماوەی هەفتەیەکدا، زیاتر لە 25 هەزار گەشتی ئاسمانی لەو وڵاتە هەڵوەشاونەتەوە.